وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەكات كە هێنراونەتە هەرێمی كوردستان و كێشەی بچووكی سەلامەتییان هەیە، بەڵام ئۆتۆمبێلی ژێرئاوكەوتوو، سووتاو و بردڕاوەكان تۆمارناكرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ژمارە 16ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، كە 4ی ئەم مانگە دەركراوە و تێیدا هاتووە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەكرێن كە هێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان و كێشەی بچووكی سەلامەتییان هەیە، وەك، لەحیمی بچووك، درز یان كونێك لە شانسی، جگە لە ئۆتۆمبێلانەی مەرجی گەورەی سەلامەتییان تێدا نییە وەك ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژێرئاوكەوتوو و سووتاو و بڕاوەن.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، “تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە تا كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 4ی تەمموزی ئەمساڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون و هەر ئۆتۆمبێلێكیش بەدەر لە ڕێنماییەكان بڕوانامەی (COC)ی بۆ ڕێكبخرێت، ئەوا كۆمپانیای پشكنینی كوالێتی بەو هۆیەوە سزادەدرێت”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە 6ی ئەم مانگەوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێمی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپاردووە و هەلومەرجی پێكهێنانی لیژنە و پشكنینی ئۆتۆمبێلەكانی دیاریكردووە.