پۆلیسی سویسرا ئاشكرایكرد، ئەو ژنەی بە چەقۆ هێرشیكردووەتەسەر دوو ژنی دیكە لەنێو دووكانێكدا، جیهادییەكی ناسراوە و پێشتر لەڕێی ئینتەرنێتەوە كەوتووەتە داوی خۆشەویستی پیاوێكی توندڕەو لە سوریا، هەروەها بەدەست “گرفتی دەرونییەوە” دەناڵێنێت.
پۆلیسی سویسرا ڕۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییەی چەقۆی لە ملی ژنێك داوە و قوڕی یەكێكی دیكەی گرتووە لە دوكانێكدا لە شاری لۆجانۆ-ی باشوری وڵات، جیهادییەكی ناسراوە.
نوسینگەی پۆلیس لە تویتەر بڵاویشیكردەوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی پۆلیس لە ساڵی 2017 ئەنجامیداوە ژنەكە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی لەگەڵ چەكدارێك لە سوریا دروستكردووە. ئەوەشی ئاشكراكرد، دەسەڵاتدارێتی توركیا لە سنووری سوریا گەڕاندویەتییەوە كاتێك هەوڵیداوە گەشت بۆ ئەو وڵاتە بكات بۆ بینینی، بەڵام ئەوكات گەڕێندرایەوە بۆ سویسرا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ژنەكە بەدەست كێشەی دەرونییەوە دەناڵێنێت و پاش گەڕاندنەوەی بۆ سویسرا خراوەتە نەخۆشخانەی تایبەتی دەروونی”.
ژنە تۆمەتبارەكە، كە تەمەنی 28 ساڵە دەستبەسەركراوە پاش ئەوەی لەلایەن ڕێبوارانەوە كۆنتڕۆڵكراوە بەر لەوەی پۆلیس بگات. لە ڕوداوەكەدا یەكێك لە قوربانییەكان بە برینی سەخت برینداربووە، بەڵام هەڕەشە نییە بۆ ژیانی، قوربانی دووەمیش برینەكەی سوكە.