ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە شەهیدبوونی دوو منداڵەكەی بامەڕنێ ڕاگەیەندرا

تیمی کوردستانی ڕێکخراوی CPT ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە کوژرانی دوو منداڵ و برینداربوونی منداڵێکی دیکە لە بامەڕنێ ڕایگەیاند و دەڵێت، بۆیان دەرکەوتووە، هێرشەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجامدراوە.

لە ڕاگەیەندراوێكی ڕێكخراوەكەدا هاتووە، لە 26ی ئایاردا نزیكەی هەزار هاوڵاتیی مەدەنی خەڵكی گوندی زێوا سەری لە ڤێستیڤاڵی ساڵانەی گوندەکەیاندا لە شارەدێی بامەڕنێ بەشداربوون.

دەشڵێت، لە درەنگانێکی ئەو ڕۆژەدا سێ منداڵ سەرقاڵی یاری تۆپی پێ بوون لە قەراغی بازنەی ڤێستیڤاڵەکە. بەبێ هیچ زەنگێکی ئاگادارکردنەوە، بەلایەنی کەمەوە سێ تۆپی هاوەن بەدووری چەند مەترێک لە منداڵەکانەوە، بە دوای یەکدا بەر زەوی کەوتن و تەقینەوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا یوسف کۆڤانی 13 ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری 11 ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری سەر بە پارتی، ئۆباڵی هێرشەكەی كردبووەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام ڕێکخراوی CPT دەڵێت، بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی دەستیان کەوتوون و بە شیکردنەوەی جوگرافیای ئەو ناوچەیەی کە هێرشەکە تێیدا ڕوویداوە، بە ئەگەری زۆرەوە هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.

ڕوونیشیكردووەتەوە، کەسوکاری سێ منداڵەکە بە CPT’یان ووت، ئەو ڕۆژەی هێرشەکە ڕوویدا، ئەوان بە بەردەوامی گوێیان لە دەنگی سوڕانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بوو بەسەر ئاسمانی ناوچەکە و شوێنی ڤێستیڤاڵەکەدا. جگە لەوەی شوێنی ئەنجامدانی ڤێستیڤاڵەکە تەنیا 800 مەتر دوور بووە لە گەورەترین بارەگای سەربازی تورکیا لە بامەڕنێ.

دووپاتیشیكردەوە، وردی “دەقیقی” هاوەنەکە لە پێکانی شوێنی یاری منداڵەکان لەگەڵ سوڕانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریکردن بە ئاسمانی ناوچەکە لەهەمان کاتدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڤێستیڤاڵەکە بە ئەنقەست بە ئامانج گیراوە و هێرشەکە بۆ مەبەستی ئاگادارکردنەوە یاخود گەیاندنی زیانی گیانی بووە بە بەشداربووەكانی.

سەرباری هەموو ئەوانەش، ڕێکخراوەکە باسی لەوەکردووە، چیای مەتینا کە دەوترێت شوێنی هاویشتنی هاوەنەکانە لەلایەن پەکەکەوە، لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی سەربازی سوپای تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

بابەتی پێشتر

حکومەت سەبارەت بە کچەمۆدێلەکان: ڕێگەنادەین شیرازەی کۆمەڵگا تێکبدرێت

بابەتی دواتر

پیاوێكی ئایینی سزادرا كە كچەكەی بە زنجیر بەستووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەتیف نێروەیی: پارتی بە قسە و لەبەرچاوی خەڵك لەگەڵ هەڵبژاردندان بە كردەوە نایەنە پێشەوە

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەو پێشنیازەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان كردبووی پارتی رەتیكردووەتەوە و دەشڵێت، “پارتی…
Total
0
Share