تەنها لە ماوەی یەك مانگدا، دەسەڵاتدارانی توركیا 30 ڕۆژنامەنووسیان دەستگیركردووە و 65 ڕۆژنامەنووسیان دادگاییكردووە كە زۆرینەیان كوردن.
لە ڕاپۆرتێكدا بە ناونیشانی “ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە مانگی حوزەیراندا” كە ئوتكو چاكیر ئۆزار، جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی توركیا بڵاویكردەوە، پێشێلكارییەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئاشكراكراون.
ڕاپۆرتەكە دەڵێت، مانگی ڕابردوو 21 ڕۆژنامەنووس لە ئامەد دەستگیركراون و 16 ڕۆژنامەنووس سزایان بەسەردا سەپێندراوە و خراونەتە زیندانەوە، لەوانە هەردوو ڕۆژنامەنووس محەمەد ئەرسەلان و عەبدولڕەحمان كوك كە هەر یەكێكیان بە سێ ساڵ و 22 ڕۆژ زیندانیكردن سزادراون، لەگەڵ 65 ڕۆژنامەنووسی تر كە لە توركیا دادگاییكراون.