ناتۆ ئەمڕۆ بە فەرمی بانگهێشتی سوید و فینلەندا دەکات بۆ بوونە ئەندام.. مەرجەکانی تورکیا چی بوون؟

 

دوای ڕێککەوتن و ڕەزامەندیدانی تورکیا بۆ هەڵگرتنی مافی ڤیتۆ دژی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی ناتۆ مەرجەکانی تورکیای بۆ ئەو ڕەزامەندییە ئاشکراکردووە و هەر ئەمڕۆش بانگهێشتی سوید و فینلەندا دەکات بۆ ئەندامبوون.

ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، تورکیا بەڵێننامەیەکی لێکتێگەیشتنی واژووکردووە بۆ هەڵگرتنی ناڕەزایی بەرامبەر بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانیی ناتۆ.

ئاماژەی بەوەکردووە، بوون بە ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ توانای هێزەکانی ناتۆ زیاتر دەکات، بەڵێنیشدەدات پوتین ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی ناتۆ لە سنوورەکانی دەبینێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایی مۆسکۆ لەو بڕیارە.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە لەنێوان هەر چوار لایەنی تورکیا، سوید، فینلەندا و ناتۆ کراوە، تورکیا دەستبەرداری مافی ڤیتۆ دەبێت دژی بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا لەبەرامبەر هاوکاریکردنی ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕێگریکردن و داڵدەنەدانی ئەندامانی پەکەکە و ئەوانەشی سەر بەو حزبەن.

یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ سوید و فینلەندا، پاڵپشتینەکردنی پەکەکەیە کە تورکیا دەڵێت بوونەتە شوێنێک بۆ داڵدەدانی لایەنگرانی پەکەکە، هەروەها داوای ڕادەستکردنی سەرجەم ئەو داواکراوانە دەکات کە لەو دوو وڵاتەن.

داواکارییەکی دیکەی تورکیا بۆ سوید و فینلەندا هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازییە کە لە دوای ساڵی 2019وە بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان قەدەغەکرابوو.

بەپێی وتەی ئەمینداری گشتیی ناتۆ، سوید و فینلەندا لە کۆبوونەوەی دوێنێ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڵێنی هاوکاریی تەواویان لەبارەی ئاسایشی هاوبەش و هەڵگرتنی گەمارۆی چەک بە تورکیا داوە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ دەڵێت، “پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەین”.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سوید و فینلەندا بەفەرمی داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ کرد، ڕاستەوخۆ تورکیا بەرهەڵستیی داواکارییەکەی کرد و مافی ڤیتۆی بەکارهێنا، بەبیانووی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە بوون بە شوێنی داڵدەدانی ئەو لایەن و کەسانەی مەترسیین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا “مەبەست لێی پەکەکە”یە.

بابەتی پێشتر

ئیبراهیم تاتڵیساس لە ئیسرائیل كۆنسێرتی ڕێکخست

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی 10 كەسی بەهۆی شەڕەوە دەستگیركرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی بە بەراورد بە دوێنێ نرخی یەك بەرمیل نەوت دوو دۆلار…
Total
0
Share