ڕوسیا هەڕەشەدەكات ئەگەر هێرشبكرێتەسەر نیچمەدوورگەی كریمیا، ئەوا جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت.
دیمیتری میدڤێدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا ڕایگەیاند، “هەر هەوڵێك بۆ پەلاماردانی نیمچەدوورگەی كریمیای ڕوسی” ڕاگەیاندنی جەنگە دژی ڕوسیا و ئەگەر هەر وڵاتێكی ناتۆ ئەوە بكات، جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت.
كاربەدەستەكەی ڕوسیا لێدوانی بۆ میدیای وڵاتەكەی داوە و وتوویەتی، “هەنگاوی دژبەرمان دەبێت بەرامبەر بە چوونی سوید و فینلەندا بۆ ناو ناتۆ، چونكە فراوانبوونی ناتۆ سنوورە وشكانییەكانی لەگەڵ ڕوسیادا فراوانتردەكات، بۆیە دەبێت سنوورەكانمان تۆكمەبكەین”.
دیمیتری میدڤێدیڤ دووپاتیكردەوە كە كۆكردنەوەی هێزی وشكانی و دەریایی لە نزیك سنوورەكانی ڕوسیا مەترسیدارە و تەنانەت هاوڵاتییانی سوید و فینلەندا ئەو كارە پەسەند ناكەن.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا، هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەمی كرد و وتی، “هەر وڵاتێكی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ هێرشبكات، ئەوا بەرپەرچی دەدەینەوە و جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت كە ئەنجامەكانی كارەساتبار دەبن”.