منداڵێكی ساوا كە تەمەنی دوو مانگە، لەلایەن باندێكەوە فرۆشرا و لە كاتی مامەڵەكردنەكەدا فرۆشیاران دەستگیركران.
ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و دەڵێت، هێزەكانیان باندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤیان لە نەجەف دەستگیركردووە، لە كاتی هەوڵدان بۆ ڕادەستكردنی منداڵێك بە كڕیارەكان كە بە 15 ملیۆن دینار دەفرۆشرا.
وەك ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق بە میدیای عێراقیی ڕاگەیاندووە، ژنێك سەرپەرشتیی باندەكەی كردووە و لە نزیك فڕۆكەخانەی نەجەف دەستگیركراون.
هاوكاتی ئەو هەواڵە و بەپێی ئاژانسەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە سێ كەس لە بەغداد و كەسێك لە بابل دەستگیركراون كە كەرەستەی شوێنەوارییان پێبووە و هەوڵی فرۆشتنی ئەو كەرەستانەیان دەدا و ڕوونیكردەوە، باندەكەی بەغداد پەرتووكێكی دێرینیان پێبووە و ئەو كەسەشی لە بابل دەستگیركراوە، پارچەیەكی شوێنەواریی پێبووە و بە پلانی هەواڵگرییانە لە كەربەلاوە بانگكراوە بۆ بابل و دەستگیركراوە.