ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی بە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بەخشی

کەمێک لەمەوبەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بەخشی کە لە رێکەوتی 13ی ئەم مانگە راسپێردرابوو بۆ پێکهێنانیی.

ئەمشەو پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی متمانە بەخشین بە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە کە 253 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا لە دوای ئەوەی شیاع سودانی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی و ناوی کاندیدەکانی پێشکەش کرد، پرۆسەی خستنەڕووی سی ڤی کاندیدەکان و دەنگدان لەسەریان بەڕێوەچوو.

دواتر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بە کابینەی حکومەتەکەی شیاع سودانی درا و وەک حکومەتی نوێی عێراق پەسەندکرا.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر 21 کاندید درا، بەڵام چەند پۆستێکی وزاری ماون تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.

پێشتر بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاندبوو، ،”لە رووی یاساییەوە کێشە نییە بە چەند دانیشتنی پەرلەمان تەواوی پۆستە وزارییەکان پڕدەکرێنەوە و دەنگیان لەسەر دەدرێت، گرنگ ئەوەیە لەماوەی ئەو یەک مانگەدا بێت کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپێردراو دراوە”.

 

بابەتی پێشتر

بە تەمەنترین پزیشک ناوی چووە کتێبی گینس

بابەتی دواتر

خالید شوانی: گەرەنتیمان بۆ داواكارییەكانی كورد وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share