ئێستا هەڵویستی كۆتایی كۆمپانیای دانەغاز لەبارەی كاركردن لە كۆرمۆر ئاشكرادەكات

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەتی نێو كێڵگەی غازی كۆرمۆر-ەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، بەهۆی ئەو مووشەكانەی ئاراستەی كێڵگەكەكراون هەزار و 200 كارمەند كە بەشێكی زۆری بیانین و سەرقاڵی كاركردن بوون لە شەوی ڕابردووەوە بڕیاریانداوە كارەكانیان ڕابگرن تا ئەو كاتەی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە ،بەڵام ڕاگرتنی كاری ئەو تیمانە هیچ كاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان نابێت.

لە زانیارییەكاندا هاتووە. كۆمپانیای دانەغاز كێڵگەیەكی بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەو ستافەی دیكە كە كاردەكەن سەرقاڵی بەرهەمهێنانن لە كێڵگەیەكی دیكە و هەوڵدەدرێت ئاستی بەرهەمهێنان زیادبكرێت و دوای ئەوەی دوێنێ ئەو مووشەكانە ئاراستەی ناوچەكە كران بەهۆیەوە شەوی ڕابردوو ئەو تیمانە كە هەزار و 200 كەسی بیانین و 300 بۆ 400 كەسیان هاوڵاتیی نیشتەجێی ناوچەكەن و كاری تێدەكەن بڕیاریاندا كاركردن ڕابگرن.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیاردراوە تا وەكو جەژن ئەو تیمانەی بیانین چاوەڕوانبكەن و ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بێتەوە دەگەڕێنەوە سەر كارەكەمان و پلان هەبووە ئەگەر هەنگاوەكانیان سەركەوتووبێت تا كۆتایی ساڵ ستافەكە بۆ سێ هێندە زیاد بكرێن، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەوە ئەگەر دوای جەژن بگەڕێنەوە سەركار سێ بۆ چوار مانگی دیكەیان دەوێت تاوەكو دەگەڕێنەوە خاڵی كاركردنی دوێنیان.

ئەوەش خراوەتە، ئەوەی كە باسدەكرێت بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆردا دەتوانرێت 80%بەرهەمی غازی عێراق دابینبكات زانیارییەكە دروستە ئەگەر كێشەی بۆ دروستنەكرێت.

هاوكات سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە سنووری كێڵگەی غازی كۆرمۆر جێگیركراون و هیچ مەترسییەك لە سنوورەكە نییە و هێزەكانی سوپای عێراق بەئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر جووڵەی پێنەكراوە.

ئاشكرایكرد، “لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز و سەرپەرشتیارەكانی كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و جەختیان لەبەردەوامی كاركردن لە كێڵگە كردووەتەوە و هیچ گرفتێكیان نییە دڵنیاییان دا لە كێڵگەكە و بەرهەمهێنانی غاز ناكشێنەوە”.

بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، جەختیكردەوە لە یەكەم ڕۆژی هێَرشە مووشەكییەكەوە بۆ سەر كێڵگەكە كاركردن ناوەستاوە و بەردەوامن و ئەو هێزە عێراقییانەی هێنراونەتە سنوورەكە تەنها هەڵمەتی كێوماڵكردنیان كردووە و گۆڕانكارییان بە چەند هێزێك كردووە.

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر: چوار مووشەك ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سەربازگەی زێلكان كراون

بابەتی دواتر

یاریزانانی یونایتد بەرگەی یاساکانی تین هاگ دەگرن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share