ئامێر و كەلوپەلی كشتوكاڵی بە قیستی درێژخایەن بۆ جوتیارانی هەرێم دابیندەكرێت

بە قیستی درێژخایەن و بێ وەرگرتنی پێشەكی دەبێت

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامێر و كەلوپەلی پێشكەوتووی كشتوكاڵی بەشێوەی قیستی درێژخایەن و بێ وەرگرتنی پێشەكی بۆ جوتیاران دابیندەكات.

وەزارەتەكە لە ئاگادارییەكدا بۆ جوتیاران ڕایگەیاندووە، پاش بڕیاری ژمارە (76)ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، ناوخۆ و دارایی و ئابوری، بە هەماهەنگی کەرتی تایبەت هەڵدەستێ بە دابینکردنی (ئامێر و کەلوپەلە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵی) بەشێوەی قیستی درێژخایەن و بەبێ وەرگرتنی هیچ پێشەکیەک بۆ بەردەستبوونی ئامێرەكان بۆ جوتیاران.

ئامێر و كەلوپەلەكان بە نرخی گونجاو، بەلێخۆشبوونی گومرگی و بەخشینی تابلۆی کشتوکاڵی دەبێت وەك ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی پێداوە و بە “هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاڵپشتی و ئاشنایەتی جوتیارانی ئازیزی هەرێمی کوردستان بە تەکنەلۆژیای نوێ لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی” ناویدەبات.

داواش لەو جوتیارانە دەكات كە خوازیاری وەرگرتنی ئامێر و کەلوپەلی کشتوکاڵین، بەمەبەستی تۆمارکردنی ناویان و پێدانی زانیاری لەسەر جۆری ئامێر و کەلوپەلەکان و پرکردنەوەی فۆرم، لە ڕێكەوتی 2022/1/23 سەردانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ڕەنوی بەفرەوە 450 مەڕوبزن ڕەقبوونەوە

بابەتی دواتر

بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکانی ھەڵەبجە دابینکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share