بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانیی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەكەن و سەرۆكی یەكێتی جەخت لە پێویستیی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دەكاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دیدارێکدا پیرۆزباییان لە لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەت و پلان و بەرنامەکانی ئەمینداری نوێ بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لە پێشخستنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان کردەوە، داواشیکرد هەوڵەکان لەپێناو ئامانجە گشتییەکان، کە لەناوبردنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و ناوچەکەن بەگەڕبخرێن.
هەر لەو دیدارەدا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دووپاتیکردەوە کە وێڕای ئاستەنگ و لەمپەرەکان لەبەردەم ڕیفۆرمی سەربازی، بەڵام پرۆسەی چاکسازیی سەربازی وەک پرۆسەیەکی حەتمی و پێویست بەردەوام دەبێت.
قوباد تاڵەبانی هیوای خواست ئەمینداری گشتیی وەزارەت هەڵگری ئەو ئامانجانە بێت کە پرۆسەکە و پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەبەن، لەمڕووەشەوە پاڵپشتی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکەوتنی کار و بەرنامەکانی ئەمینداری گشتی دووپاتکردەوە.