دوای هێرشە مووشەكییەكەی ئەمڕۆی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت، “بەرهەمهێنانی غاز بەردەوامە”.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، شاندێكی وەزارەتەکە لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتییەكان و بە سەرپەرشتیی ئەحمەد موفتی بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گەیشتە كێڵگەی كۆرمۆر، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای دانە غازدا كۆبووەوە و لە نزیكەوە لە زیانەكانی هێرشە مووشەكییەكە بۆ سەر كێڵگەكەی كۆڵییەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هێرشەكە زیانی گیانی نەبووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەردەوامە و كۆنترۆڵی زیانە ماددییەكان كراوە و دەڵێت، “هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە”.
كاتژمێر 2:10 خوولەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بە مووشەك هێرشكرایەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە كۆمپانیای دانەغاز كاری تێدادەكات. قائیمقامی چەمچەماڵ لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاند، ئاراستەی مووشەكەكە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە بووە و لە نزیك كێڵگەی غازی كۆمۆر مووشەكەكە كەوتووەتەوە خوارەوە، زیانی گیانی و مادديی نەبووە و هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە.