ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و پەتای كۆلێرا دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
– خستنەڕووی پوختەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا.
– خستنەڕووی پووختەی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین.
– خستنەڕووی گرنگترین سەردێڕی ئەو چاکسازییانەی کە لەلایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم ئەنجامدراون.
– خستنەڕووی رەشنووسی نوێی بڕیاری تایبەت بە پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی کە پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تیایدا جێگیربوون لەبەر ڕۆشنایی ماددەی (3/چوارەم) لە یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 5ی ساڵی 2015).