عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەڵێت، قەیرانی ئۆكرانیا پلانی خۆرئاوایە بۆ فراوانخوازی و دەیانەوێت “دەستدرێژی بكەنەسەر وڵاتەكانمان”.
لە یەكەم هەڵوێستی ڕاگەیەندراویدا لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاوە، عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی، خۆرئاواییەكان پلانی فراوانكردنی هاوپەیمانیی ناتۆ-یان هەیە، قەیرانی ئۆكرانیاش لەو چێوەیەدایە.
خامنەیی ئەمڕۆ یەكشەممە لەگەڵ قاسم جومارت تۆكاییڤ سەرۆكی كازاخستان-دا كۆبووەتەوە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاوە ڕاگەیاندووە و وتوویەتی، “خۆرئاواییەكان دەیانەوێت هاوپەیمانیی ناتۆ فراوانبكەن و لە هەر شوێنێك جێپێیان هەبێت ئەو پلانە جێبەجێدەكەن.
ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، “دەبێت بە وردی و ئاگاییەوە چاودێریی دۆخەكە بكرێت، چونكە ئەمریكی و خۆرئاواییەكان بەردەوام كاردەكەن بۆ فراوانكردنی چێوەی هەژموونی خۆیان لە هەموو ناوچەكاندا، لەوانە هەردوو ناوچەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئاسیا و دەستدرێژیكردنەسەر سەروەری و توانای وڵاتەكانمان”.