دوای كشانەوەی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، هێشتا ئەو پرسە چەند قۆناغێكی یاسایی ماوە تا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەو نێوەندەدا كۆمەڵێك سیناریۆ لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ هاتوونەتە ئاراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەوڵیش هەیە بۆ ئەوەی سەدر لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە.
بڕیارەكەی دوێنێی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی عێراقیدا دڵەڕواكێی دروستكرد، ئەمە جگە لەوەی ناڕوونی و ئاڵۆزییەكانی پێكهێنانی حكومەتیشی زیاتركرد، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە گەرمەی ئەو ڕووداوانەدا بەپەلە عێراقی بەرەو ئوردن بەجێهێشت.
جێگرەوەكانی پەرلەمانتارانی سەدر چۆن دیاریدەكرێن؟
دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەلایەن محەمەد حەلبووسی-یەوە، پرۆسەكە چەند هەنگاوێكی دیكەی ماوە و ئەوكات قسە دێتە سەر جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حاكم زاملی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستی بەدەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵبژێردراوە، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر پێویست بە پەرلەمان ناكات.
ڕوونیشیكردەوە، جێگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان پێویستی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە پەسەندی بكات و جێگرەوەكانیان دیاریبكات.
جەمال ئەسەدی شارەزایەكی یاساییە لە عێراق، ڕوونیكردووەتەوە، لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، ژمارەی كورسیی هاوپەیمانێتیەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەشێوەیەك، چێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی كورسییەكانیان بەرزدەبێتە وە بۆ 178 كورسی، هاوپەیمانیی سێقۆڵی، كە چیتر بووەتە هاوپەیمانێتییەكی دوو قۆڵی، (پارتی و سوننەكان بەبێ سەدر) 98 كورسی، سەربەخۆ و ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناوبردووە، كورسییەكانیان بەرزدەبێتەوە بۆ 53 كورسی.
ئەو گۆڕانكارییانە لە كورسیی لایەن و هاوپەیمانێتییەكان، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی دەبێت لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بە ڕووكەش وا دەردەكەوێت كە رێگەی بەردەم چێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكەی نزیك لە چێوەكە ئاسانتر بووبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ناشبێت ئەگەرەكانی دیكەی جووڵەكانی بەردەم موقتەدا سەدر-یش بەهەند وەرنەگیرێت.
بەشێكی زۆری لێكدانەوەكان بەرەو ئەوەن، كە سەدر سیاسەت و ململانێكانی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ناوەندە سیاسەییەكانەوە بگوازێتەوە بۆ شەقام و ئەگەری جووڵاندنی لایەنگرەكانی.
كاریگەریی هەنگاوەكەی سەدر لەسەر هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە
ئەوەی ڕوونە، موقتەدا سەدر هەنگاوی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی بێ هاوپەیمانەكانی داوە و پارتی و سوننەكان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبوون، لێدوانی حەلبووسی بەوەی زۆر هەوڵیانداوە موقتەدا سەدر لەو هەنگاوە پەشیمان بكەنەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە.
بۆیە ئێستا هیچ نەبێت، سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران پارتی دیموكراتی كوردستان و سوننەكانی هاوپەیمانی بە تەنها جێهێشتووە، دیار نییە لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەش ئەو لایەنانە چۆن دەتوانن دەست بە هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكەیانەوە بگرن.
دواجار ئەوەی بۆ هاوپەیمانەكانی سەدر مایەوە، تەنها ئەوەبوو بلێن، “ڕێز لە بڕیارەكەی دەگرین”.
بەڵام بە حوكمی پێگەكەی، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناچار بوو زیاتر لەسەر ئەو پرسە بكات و بڵێت، ڕێكارە یاساییەكان دەگرنەبەر بۆ دەستنیشانكردنی جێگرەوەكانی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان.
سیناریۆكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق چین؟
سالار مەحمود سیاسەتوان و ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق پێیوایە، دوای بڕیارەكەی سەدر، عێراق لەبەردەم چوار سیناریۆدایە.
ئەو پێیوایە، دەكرێت دۆخەکە وەک ئێستا بمێنێتەوە و “ئەمری واقیع” بەردەوامیی پێبدرێت، یان ململانێکان ببرێنە شەقام، وەك ئەوەی لە سەرەوە باسكرا.
یەكێكی دیكە لە سیناریۆكان ئەوەیە، كە حکومەتی لەناکاو “طواريْ” ڕابگەیەنرێت، بەھەندێك گۆڕانکارییەوە لە وەزارەتەكاندا.
بە لێكدانەوەی سالار مەحمود، چوارەم سیناریۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت و خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
بەشێكی دیكە لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەو بڕیارەی سەدر فشارە بۆسەر چێوەی هەماهەنگی.
لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا كینانی چاودێری سیاسی پێیوایە، بڕیارەكەی سەدر بۆ فشار خستنەسەر چێوەی هەماهەنگییە، تا بە داواكارییەكانی ڕازی بن.
ئەو چاودێرە سیاسییەی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەختیكردەوە، لەماوەی ڕابردوودا سەدر چەند جارێك لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی دا، بەڵام بەهۆی ڕێگرییەكانەوە سەركەوتوونەبوو، بۆیە ئێستا بەم بڕیارەی دەیەوێت كارتی دیكە تاقیبكاتەوە.
هەرچەندە بڕیارەكەی سەدر نوێیە و پرۆسەی جێبەجێكردنەكەشی پێویستی بە ماوەیەك هەیە، بەڵام بە وتەی چەند سەركردەیەكی سیاسی، لەگەڵ سەدر گفتوگۆ دەكرێت تا لەو بڕیارەی پاشگەزیبێتەوە.
هیشام ڕكابی، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، چێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی نوێی دەبێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، شاندێكیش دەنێرنە حەنانە تاوەكو لەگەڵ سەدر گفتوگۆ بكەن، كە لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە.
هەموو ئەوانەی باسكران، پێویستە ئەوەیان لەگەڵدا بە هەند وەربگیرێت، كە موقتەدا سەدر لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند بڕیارێكی دەركردووە و دواتر پاشگەزبووەتەوە، لەوانەش بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەروەها بەردەوامیدان لە پشتگیریكردنی تشرینییەكان.
بڕیارەكەی سەدر و پەرلەمانتارەكانی، كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەكخست و تاوەكو دوای جەژنی قوربان هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجامنادرێت