بڕیارە ئەمڕۆ 24 ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆببێتەوە و چەندین پرسی جیهانی و ناکۆکییەکان لە ئەفریقا و عێراق و کێشەی چەند وڵاتێکی دورگەیی تاوتووێ بکرێت.
بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، ئەنجومەنی ئاسایش بە داواکاری سێ وڵات کۆدەبێتەوە کە تونس و سێنت وینسنت و گرینادینس -ن و بەگشتی کۆبوونەوەکە پەیوەست دەبێت بە ناکۆکییەکانی جیهان.
لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕێ دەکرێت جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و ناکۆکییەکان پێشکەش بکات کە پێدەچێت پرسی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیشی تێدابێت.
ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی موچە جارێکی دیکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام وەک بەرپرسانی هەرێم و بەغداد ئاشکرای دەکەن، پێدەچێت هەردوولا لەم هەفتەیەوە گەرێكی دیکەی دانیشتنەکانیان دەستپێبکەن.