توركیا بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەیی ئەمریكییەكان بەهۆی هەڕەشەكانی لەبارەی هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمریكا چەند مانگێكە چاوی بە سیاسەتەكانی لە سوریا خشاندووەتەوە و نایەوێت ئەنقەرە دۆخەكە بشڵەژێنێت.
كەناڵی (ئەلعەرەبییە) لە زاری سێ سەرچاوەی جیاوازەوە لە پایتەختی ئەمریكاوە دەڵێت، حكومەتی توركیا و باڵیۆزخانەكەی لە واشنتن هەمان ئەو كارانە دەكەن كە ساڵی 2019 ئەنجامیاندا بەر لە هێرشی ئەوكاتی توركیا بۆسەر سنوورەكانی سوریا.
ئەوكات توركەكان هەڵمەتێكی دیپلۆماسی و میدیاییان دەستپێكرد بەوەی هێزە كوردییەكانی سوریا بەشێكن لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەروەك زنجیرەیەك لەو هێرشانەیان خستەڕوو گوایە لەلایەن ئەو هێزانەوە كراوەتەسەر خاكی توركیا.
لەئێستاشدا توركیا هەمان ڕێگای گرتووەتەبەر و دەنگۆیەكی بە حكومەتی ئەمریكی گەیاندووە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات هەزار هێرشیان بۆسەر هێزەكانی سەر بە توركیا لە سوریا ئەنجامداوە، جگەلە چەند هێرشێكی سنووربڕ.
لە بەرامبەردا ئەمریكییەكان هەڕەشەكانی توركیایان بە هەڵكوتانەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە جددی وەرگرتووە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند، “ئەوەی تائێستا بیستوومانە دەربارەی جموجوڵە سەربازییەكانی توركیا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تەنها لە ئاستی وتن ماوەتەوە، بەڵام مایەی نیگەرانییە”.
وتیشی، “هەر قسەكردنێك لەبارەی جموجوڵی سەربازی دەبێتەهۆی نیگەرانی، بەهۆی ئەوەی یەكەم دەبێتە هۆی گۆڕانكاری و ڕەنگە ئەزیەتدانی دانیشتووانی ناوچەكە، دووەم هێزە هاوپەیمانەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئەركە سەرەكییەكانی دووردەخاتەوە، كە بریتییە لە دژایەتیكردنی داعش و ڕێگریكردن لە گەڕاندنەوەی ڕێكخراوەكە بۆ چالاكییە تیرۆرستییەكانی”.
هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمریكی ئاشكرایكرد، هەردوو فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە پێكەوە كاردەكەن بۆ چارەسەری كێشەكە، دووپاتیشیكردەوە، واشنتن بارگرژیی ناوێت.
لەهەمان كاتدا ڕوونیكردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن زۆر نیگەرانە لە پێشهاتەكان، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی توركیا هاوپەیمان و ئەندامە لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی، لەكاتێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات هاوبەشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و، بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن كاردەكات بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش، هەروەك لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كاردەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كەمپی هول و ئەو بەندینخانانەی چەكدارانی دەستگیركراوی داعش و خێزانەكانیانی تیایە.
ئەنجامی خراپی دەبێت
سەرچاوەیەكی ئەمریكی دەڵێت، بارگرژی نابێتە هۆی گەیشتن بە ئەنجامی باش، بەتایبەت سەبارەت بە كەسانی مەدەنی، لەكاتێكدا حكومەتی ئەمریكا پاڵپشتیی “سەقامگیری و هەوڵەكانی ئاگربڕ” دەدات و بڕە پارەی نوێی بۆ پەرەپێدان لەو ناوچانەدا تەرخانكردووە و ئێستا هەستدەكات ڕێككەوتنی 17ی تشرینی یەكەمی 2019 لەبەردەم هەڕەشەدایە.
مایك پێنس جێگری ئەوكاتی سەرۆكی ئەمریكا ڕێككەوتنێكی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئەنجامدا و دانینا بە بوونی “ناوچەیەكی سەقامگیر وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەشەكانی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا”، ئاماژەشی بە كشانەوەی چەكە قورسەكان لە دەستی كورد كرد، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی بارەگا و بنكەكانیان لەو ناوچانە.
لەوكاتەوە، ناوچەكە دابەشبوونێكی نوێی ناوچەی قەڵەمڕەوی بەسەرداهاتووە، بەڵام ڕێككەوتنە بووەهۆی هاتنی هێزەكانی ڕوسیا بۆ ناوچەكە، تەنانەت هەواڵەكان دەربارەی كشانەوەیان ماوەی چەند هەفتەیەكە زیادیانكردووە.
لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیا دەربارەی هێرشكردن، هێزەكانی سوریای دیموكرات باس لە پێداچوونەوە بە حساباتەكان و لەنێویشیاندا مامەڵەكردن لەگەڵ ڕژێمی سوریادا دەكەن، لەكاتێكدا ئەمریكییەكان دەیانەوێت پارێزگای لە دۆخی ئێستا وەك خۆی بكەن.
ئەگەری خراپتر
ئەگەری ڕوودانی خراپتر بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان توركیا و ئەمریكا، هەردوو وڵاتەكەی ئەندام لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی، بەڵام ئەمكارە بەدووردەزانرێت، بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانە.
ترسی گەورە گەڕانەوەی كوردانە بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ ڕژێمی سوریا بەمەش ویلایەتە یەكگرتووەكان شوێنپێ و هاوپەیمانێكی خۆی لە سوریا بەهۆی هێرشەكەی توركیاوە لەدەستدەدات.
س: ئەلعەرەبییە