بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمدا هاتووە، لە ئێوارەى رۆژى چوارشەممەوە کاریگەرى شەپۆلی نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان نمە باران و بەفرێکى کەم لە ناوچە سنوورییەکان دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژى پێنجشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاددەکات و باران لە سەرجەم ناوچەکان دەبارێت و ئاستى باران مامناوەند و هەندێک کات لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت، بەفر لە ناوچە سنوورییەکان دەبارێت.
ئاشکراشیکرد، کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا کاتەکانى بەیانى رۆژى هەینى بەردەوام دەبێت، پلەکانى گەرما بە گشتى نزم دەبنەوە بە (5-7) پلەى سیلیزى، لە ناوچە شاخاوییەکان لە کاتەکانى بەرەبەیان دادەبەزێت بۆ سفر پلەى سیلیزى، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر خێراى با زیاددەکات بۆ سەرووى 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.