سەرۆك فراكسیۆنێك دەپرسێت: كێ ناهێڵێت پێكهاتەكان سەربەخۆبن؟

هۆڵی پەرلەمانی كوردستان

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەڵێت، لەگەڵ ئەوەین پێكهاتەكانی كوردستان نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادەی خۆیان بكەن داواش لە پەرلەمانتارەكانیان دەكات لە بڕیاری سیاسییاندا سەربەخۆبن و ڕێگەنەدەن دەسەڵات بۆ مەرامی خۆی بەکاریان بهێنێت.

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین کەمینە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە كردەیی نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادەی خۆیان بکەن و لە بڕیار و هەڵوێستیاندا سەربەخۆبن.

لە نوسینێكدا لەژێر ناوی (کێ ناهێڵیت پێکهاتەکان سەربەخۆبن و بەمافی خۆیان بگەن؟!” دەشڵێت، بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆن، بە هەر یازدە کورسییەکەی کەمینەکان، تەنها هەشت هەزار و 900 دەنگیان هێناوە کە ڕێژەی دەنگ بۆ کورسییەک 16 هەزار بووە، “لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزمان گرتوون و ڕازی بوین بە کورسییەکانیان تەنانەت ئەگەر بە کۆتاش بێت، بەڵام بەو مەرجەی سەربەخۆبن و خاوەن قەراری سیاسیی سەربەخۆی خۆیان بن و نەبنە داردەست و ڕەقەم و بەشێک لە ئەجێندا و هەژموونی لایەنێکی دیاریکراوی دەسەڵات و بەکاریان بهێنێت!”.

“ناکرێت بە هەر یازدە کورسییەکە نیوەی ڕێژەی کورسییەک دەنگتان هێنابێت، بەڵام ببنە سێبەری دەسەڵات، ئەم ستەمکاریی و قۆرخکارییەی هەیە، دەسەڵات بە پاڵپشتی ژمارەی کورسییەکانی ئەوانەوە دەیکات” عەبدولستار مەجید وادەڵێت.

ئاماژە بەوەشدەكات، پڕۆژەكەیان زیاتر لە بەرژەوەندی ئەواندایە و داوایان لێدەكات “لە بڕیاری سیاسیشتان سەربەخۆبن و ڕێگەمەدەن دەسەڵات بۆ مەرامی خۆی بەکارتان بهێنێت، ئازا و ئازادبن و مومارەسەی حەقی شەرعی و قانونیی خۆتان بکەن”.

بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق نان و سەمون بە هەرزان دەدات بە هاوڵاتییان

بابەتی دواتر

پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك پەسەندكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share