سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی بەنزینە 690 دینارییەكە ئاشكرادەكات و جەختدەكاتەوە ناردنی بەنزینە 690 دینارییەكە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەكەی دەبێـت و هەرزان دەبێت.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوێنێ دووشەممە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانییەوە پارەی تایبەت بە كڕینی بەنزینە عێراقییەكە خراوەتە سەر بانكێك لە موسڵ كە بەغداد مامەڵە لەگەڵ ئەو بانكە دەكات.
ئاشكرایكرد، بڕیاربوو ئەمڕۆ پشكنین بۆ بەنزینەكە بكرێت و بنێرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ئەنجامی پشكنینەكانی بڕیارە سبەینێ بەنزینەكە بگاتە سلێمانی بۆ ئەو مەبەستەش چەند بەنزینخانەكە دابینكراون و ئەگەر لەكاتی خۆیدا بگات سبەینێ ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكرد، “بەڵێندراوە ناردنی بەنزینە 690 دینارییەكە بۆ سلێمانی بەردەوامبێت كە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەكەی دەبێت و هەرزان دەبێت و نەوتی خاویش بۆ پاڵاوگەكان دابینبكرێت نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت”.