عێراق زەرەرمەندترینە.. شەڕی بەرەكانی داعش لە كەمپی هول پەرەدەستێنێت

كەمپی هول

شەڕی یەكتر لەناوبردنی ڕانەگەیەنراو لەنێوان بەرە جیاجیاكانی داعش لە كەمپی هول-ی ڕۆژئاوای كوردستان سەریهەڵداوە و شارەزایەكیش هۆشداریدەدات لەوەی عێراق زەرەرمەندترینی ئەو دۆخەیە.

ماوەی چەند هەفتەیەكە كەمپی هول لە بەردەم گۆڕانكاریی نوێدایە كە خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵی لەناوبردنی ڕانەگەیەندراو لەنێوان سێ بەرەی جێبەجێكار كە سەركردە داعشییەكانی هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی، سوری و یەكێكی تێكەڵ سەرۆكایەتی دەكەن.

جەبار مەعموری شارەزا و سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، جموجوڵی باڵە سورییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو لە كەمپەكەدا زیادیكردووە، هەر ئەویش لەپشت شەپۆلی كردە خوێناوییەكانی هەندێك لەو عێراقییانەیە كە بەشێكیان پەیوەندییان بە سەركردە گرنگەكانی داعشەوە هەیە یان هەماهەنگیكردنیان ڕەتكردووەتەوە.

وتیشی، “كەمپەكە لەبەردەم قۆناغێكی شەڕی خوێناوییدایە بەهۆی بوونی لێكدابڕانی گەورە لەنێوان ئەو بەرانەدا”.

بەپێی وتەی ئەو سەركردەیەی چێوەی هەماهەنگی 10 دەزگای هەواڵگریی ڕۆژئاوایی و هەرێمایەتی ڕۆچوونەتە ناو كەمپی هول و هەریەكێكیان دەیەوێت كەمپەكە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاربهێنێت. دووپاتیشیكردەوە، “كەمپەكە لە بەردەم قۆناغێكی نوێدایە، كە پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا زیاتر خوێناوی بێت”.

ڕوونیشیكردەوە، “عێراق زەرەرمەندترین دەبێت لەهەر ڕووداوێك كە لە كەمپەكە ڕووبدات بەهۆی بوونی 30 هەزار كەس كە زۆرینەیان پەیوەندییان بە ڕێكخراوە تیرۆرستییەكە و بیروبۆچوونەكانیەوە هەیە”.

بەمدواییە جموجوڵ و دزەكردنی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە زیادیكردووە، بە وتەی شارەزایان بوونی شانەی نوستوو، هەروەها سەركەوتنی داعش لە دزەپێكردنی ئەندامانی لە كەمپی هول و لەڕێی سنووری عێراق و گەیاندنی بە ناوچەكە بە هۆكاری سەرەكی دادەنرێت.

بابەتی پێشتر

هەسەدە: هەڕەشەكانی توركیا سەرەتای دابەشكردنی سوریا دەبێت

بابەتی دواتر

مستەفا كازمی: پابەندین بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share