بەشێک لە زانایان جەختدەکەنەوە لەوەی بڕی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا، کە هۆکاری قەتیسبوونی گەرمایە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز کە پێشتر ئەو ئاستەی تۆمارنەکردووە و لە مانگی ئایاردا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بڕی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست بەجۆرێک بەڕێژەی 50% زیاترە لە پێش سەردەمی پیشەسازی و سوتانی نەوت و گاز لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا.
بەرپرسانی ئیدارەی نیشتمانی بۆ زەریاکان و بەرگەهەوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، ڕێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا بەرزترین ئاستە لانیکەم لەماوەی چوار ملیۆن ساڵی ڕابردوودا.
کۆی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە 36.3 ملیار تۆن ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا.
بەرزبوونەوەی بڕی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای هەسارەی زەوی، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ڕوودانی کارەساتی ژینگەیی وەک لافاو، تۆفان، وشکبوونەوە و سوتانی دارستانەکان.
زۆریی ئاستی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەڵگەیەکی دیکەی شکستی وڵاتانی جیهانە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لوتکەی پاریس بۆ کەشوهەوا لە ساڵی 2015، بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمای هەسارەکە بۆ 1.5 پلەی سەدی.
ڕیک سپینراد بەرێوەبەری ئیدارەی نیشتمانی بۆ زەریاکان و بەرگەهەوا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “پێویستمان بە گرتنەبەری هەنگاو و ڕێکاری بەپەلەیە بۆئەوەی زیاتر ئامادەبین بۆ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا”.
هەروەها پیتەر تانس گەورە زانای تاقیگەی پێشبینییە جیهانییەکان سەربە ئیدارەی نیشتمانی بۆ زەریاکان و بەرگەهەوا ڕایگەیاندووە، “لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2020دا ئاستی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2021 ئاستی ئەو گازە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە زیاتر لە ساڵانی پێش پەتاکە.