ئەنجامی “كۆبوونەوە گرنگەكە”ی ئەمڕۆ
بەرپرسیارێتیی حكومەتە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران وەک یەک دابینبکات

حكومەت لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین-دا كۆبووەوە و بودجە و مووچە تاوتوێكران، بڕیاردرا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون بۆ داهات پێكبهێنرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابوری، لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین-دا كۆبوونەتەوە.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌ختكراوەتە‌وە‌ كە‌ “ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێویی هاوڵاتییان و حکومەت بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و ئەرک و بەرپرسیارێتیی کابینەکەشە چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی هەرێم بێت”.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییەی لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری  پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین درووستبووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

دووپاتیدەكاتەوە كە “ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێویی هاوڵاتییان و حکومەت بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و ئەرک و بەرپرسیارێتیی کابینەکەشە چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی هەرێم بێت”.

ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجییەکی دیکە و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە، لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و ناوخۆ، بە هەماهەنگيی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان، بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە ڕاست و دروستیی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن”.

بابەتی پێشتر

ئەنچیلۆتی فیشەکی ئاڵتوونی دەنێت بە لیڤەرپوڵەوە؟

بابەتی دواتر

حەوت زانیاریی نەبیستراو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share