بۆ پڕكردنەوەی كەمیی غازی سروشتی، عێراق یەك ملیۆن و 500 هەزار تۆن غاز لە قەتەڕەوە هاوردە دەكات و دەڵێت، غاز بەشی وێستگەكانی كارەبا ناكات و كورتهێنانێكی زۆر هەیە.
عێراق دەیەوێت ئەو بڕە لە غاز ساڵانە هاوردە بكات بەبێ ئەوەی دیاریبكات تا چەند ساڵی تر پێویستی بە هاوردەكردنی غازە و كەی غازی ناوخۆ دەگات بە ڕادەی پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، ئەو غازەی هاوردە دەكرێت تەنها بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی و كورتهێنانی سووتەمەنیی وێستگەكانی كارەبایە، نەك بۆ پێداویستی و بواری دیكەی وەك پیشەسازی و گەرمكردنەوە.
ئەحمەد موسا عەبادی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بۆ هاوردەكردنی غاز لە قەتەڕ عێراق پێویستی بە دروستكردنی بەندەر و سەكۆی غاز و ئامادەكردنی تۆڕی بۆرییە بۆ گواستنەوەی غازەكە لە بەندەرەكانەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا.
بەپێی وتەی عەبادی، تەواوكردنی ئەو پرۆسەیە لەنێوان 12 بۆ 15 مانگی پێویستە و “ئەوەش ماوەیەكی زۆر دوور و درێژە”، چونكە ئێستا عێراق پێویستییەكی زۆری بە غازە، بۆیە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران فەرمانیكردووە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئەوپەڕی توانا و هەوڵەكانیان بەگەڕبخەن بۆ ئەوەی لە ماوەی هەشت مانگدا غازی قەتەڕ بكات بە عێراق.
بڕیارەكەی حكومەتی عێراق لە كاتێكدایە، هەوڵێك هەیە لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت.