هنری كیسنجەر سیاسەتمەداری دیاری ئەمریكی، پێیوایە دوای جەنگی ئۆكرانیا ڕوسیا لە خۆرئاوا نزیكببێتەوە و لەبارەی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە دەڵێت، پوتین بڕوایەكی سۆفیگەرانەی بە مێژووی ڕوسیا هەیە و هەست بە سووكایەتی دەكات بە نزیكبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی لە خۆرئاوا.
هنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا كە بە یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی خۆرئاوا و جیهان دادەنرێت و ڕۆڵی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی و جەنگەكانی سێ دەیەی ڕابردوودا هەبووە، پێیوایە دوای جەنگی ئۆكرانیا، ڕوسیا ناچارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ خۆرئاوادا باشبكات و زیاتر لە ئەوروپا نزیكببێتەوە.
كیسنجەر لەگەڵ ڕۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز”دا گفتوگۆیكردووە و ڕایگەیاندووە، “گۆڕانكاری بەڕێوەیە و ناكرێت لە داهاتوودا چین و ڕوسیا هەمان ئامانجیان هەبێت و گرنگیدانی هاوشێوەیان بۆ شتەكان هەبێت، ناڵێم ڕوسیا دەبێتە هاوڕێی نزیكی خۆرئاوا، بەڵام زیاتر لە ئەوروپا نزیكدەبێتەوە”.
لەبارەی سەرۆكی ڕوسیاوە كیسنجەر دەڵێت، “چەندین جار لەگەڵ پوتین دانیشتووم، ئەو بڕوایەكی سۆفیگەرانەی بە مێژووی ڕوسیا هەیە و هەست بە سووكایەتی دەكات كە دەبینێت هەوڵدەدرێت هەموو وڵاتەكانی دەوروبەری بچنەناو ناتۆ و خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەو ڕادەیە لە یەكتر جیاببنەوە”.
ڕۆژنامەكە لەبارەی هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمییەوە پرسیاری لە كیسنجەر كردووە و ناوبراو ڕایگەیاندووە، “ئەو تەكنیكەی ئێستا هەیە دەكرێت كارەساتێك دروستبكات كە پێشتر تەنانەت بە خەیاڵیش بیرمان لێنەكردبێتەوە، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكی جیهانی نییە سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنرێت”.