وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی وروژاندنی پرسی كشانەوەیان لە حكومەت ڕوونكردنەوە دەدات.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لێدوانێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، جار جار، پرسی کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێی دەبێتە بابەتی میدیایی.
دەشڵێت، “لەرێی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاوی دەکەینەوە کە بڕیارێکی لەوشێویە نەدراوە و هەر کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێم، یاخود حکومەتی خۆجێی دا؛ ئەوا بەفەرمی ڕایدەگەیەنێت و تیمی حکومەتی لێ ئاگاداردەکاتەوە”.
وتەبێژەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، دووپاتیشیدەكاتەوە، هەر لێدوانێکی دیکە لەو بارەوە، لەلایەن هەر بەڕێزێکەوە بدرێ ڕای خۆیەتی، نەک بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە دوێنێ هۆشیار عومه‌ر عه‌لی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگەیاند، بڕیاری نوێی گۆڕان ئه‌وه‌یه له حكومه‌ت بكشێینه‌وه، چونكه ئێمه كه به‌شداری حكومه‌تمان كرد له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتنێك بوو، سه‌دا هه‌شتای ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هۆشیار عومەر، كە لە هەمان كاتدا ئەندامی دەستەی كاتی بەڕێوەبردنی گۆڕانە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیایەكی نزیك لە حزبەكەی وتیشی، “یه‌كێك له خاڵه‌كان ئه‌وه‌بوو پێویسته داهات شه‌فاف بێت، داهات شه‌فاف نه‌كراوه، به‌تایبه‌ت ده‌سته‌ی داهاته نه‌وتی و گازییه‌كان كه بڕیاربوو دروستبكرێت، پارتی نه‌یهێشت دروستبكرێت”.
هەروەك باس لە خاڵێكی دیكەی ڕێككەوتنەكە سەبارەت بە پەرلەمان دەكات و ڕوونیدەكاتەوە، ده‌بوایه په‌رله‌مان به‌هێزبووایه و به ئه‌ركی خۆی هه‌ستایه، به‌ڵام په‌رله‌مانیان لاواز كردووه، خاڵێكی دیكه رێزگرتن بوو له ئازادییه‌كان نه‌ك ڕێزی لێنه‌گیراوه به‌ڵكو پێشێلكراوه.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، سه‌دا هه‌شتای خاڵه‌كان كه به‌رنامه‌ی سیاسی ئەوان بووه جێبه‌جێ نه‌كراوه، له‌به‌رئه‌وه له جڤاتی نیشتمانیه‌وه بڕیاری كشانه‌وه دراوه و ماوه‌ته‌وه جێبه‌جێكردنی و هه‌ڵبژاردنی كاته‌كه‌ی.