ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجومەنی نوێنەران 105 واژوو بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری پیشەسازیی حكومەتی عێراق و بریكارەكەی كۆكراوەتەوە .
ئەحمەد جەبووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، 105 واژوو كۆكراوەتەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مونهل خەباز، وەزیری پیشەسازی و بریكارەكەی كە تێوەگلاون بە گەندەڵی و تەواوی بەڵگەكان لە دادگا و دەستەی نەزاهەوە ئامادەكراون.
ئاماژە بەوە كراوە، چەند دۆسییەك لەسەر ئەو وەزیرە جوڵێندراوە و تۆمەتبارە بە گەندەڵی و كار بۆ سەندنەوەی متمانە دەكرێت.
لە ساڵی 2016 هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق بوو بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی وڵات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی لێسەندرایەوە و دوای ئەوەی خۆشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرد دادگای فیدراڵی بڕیاریدا لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش دووریبخاتەوە.