بەکر عوسمان برای سەردەشت عوسمان: لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆشنابین

لە 12یەمین ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان-دا، بەکر عوسمان برای ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێت، دۆسیەی سەردەشت بە هەڕەشە و سیناریۆسازی داناخرێت و لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆشنابین.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ڕای گشتی بڵاویكردووەتەوە، بەکر عوسمان برای ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو سەردەشت عوسمان ڕایگەیاند، “12 ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، 12 ساڵە ئێمە لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان ‌و ڕوح ‌و دڵمان خوێناویان لێدەتکێت، 12 ساڵە ئازاردان‌ و سزادانی ڕوحی ‌و جەستەیی سەردەشت ‌و ئێمە درێژەی هەیە. 12 ساڵە هەرچی دڵڕەقی ‌و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەکرێنەوە و ژیان ‌و بوونمان هەنجن هەنجن دەکات‌ و دەمانهاڕێت”.

بەکر عوسمان نووسیویەتی، “دوای 12 ساڵ لە تیرۆری سەردەشتدا، هێشتا بکوژانی سەردەشت لە لوتکەی دەسەڵاتدان و تیرۆریستان بە ئازادی و بە ئاشکرا دەسوورێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانکاری. 12 ساڵ  پێداگری و سووربوونی سەرکردایەتیی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆریستان و بکوژان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتیی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەڵ سادەترین ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندا”.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەیدا براكەی سەردەشت عوسمان دەڵێت، “ئەو دەسەڵاتە و سەرانی لەبەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان دونیایەک تاوانکاری ئەنجامداوە، تەنها بە زەبری چەک و تیرۆر و داپڵۆسین و خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان خۆی بەپێوە ڕاگرتووە. دوایین بەڵگەی سەرکوتگەریی ئەم دەسەڵاتە ئەو دۆسیە ڕیسوایەیە کە بۆ هەڵسوڕاوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانی هۆنییەوە. دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان، لە فۆرمدا شانۆگەرییەکی یاسایی بوو بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری. بە کردەوە بەیانی ڕاگەیاندنی سەرکوتگەریی سیاسی بوو بۆ دەسەڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆر. دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا و ڕەوان بە هەمووانی ڕاگەیاند، کە نەیاری سیاسیی ئەو دەسەڵاتە سزای لەسەرە و سزای زیندانی و تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە دادگایی و زیندانی نەکراون کە کردوویانە، لەسەر ئەوە زیندانیکراون کە هەن”.

جەختیشدەكاتەوە كە “ئەو رێچکەیەی سەردەشتەکان نیشانی کۆمەڵگەیان داوە، بە تیرۆر و کوشتار و سەرکوت و سیناریۆسازی داناخرێت. واقعی تاڵ و کارەساتباری ئەم کۆمەڵگەیە، بنەمای ئەوەیە کە تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی و ڕێگایان هەموار و هەموارتر دەکات. بێگومان تێپەڕینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆشنابین”.

هەروەها دەڵێت، “هەمیشە و دایم پێداگرین کە دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان و دۆسیەی تیرۆر و سەرکوتی دەنگە ئازادەکان، لای ئێمه‌ و ئازادیخوازانی كوردستان به‌ كراوه‌یی ماوەتەوە، تا ئه‌و كاته‌ی تاوانباران ‌لە دادگایه‌كی عادیلانه‌ و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆدا سزای خۆیان وەردەگرن، هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە”.

بابەتی پێشتر

ژنێك لە ئاوی زێی بچووك لە دوكان خنكا

بابەتی دواتر

بۆ بزواندنی "بونەوەرانی ئاسمانی".. ناسا وێنەی ڕووت ڕەوانە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share