دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل “مۆساد” لەمدواییانەدا پلان سوپای پاسدارانی بۆ تیرۆرکردنی سێ کەسایەتیی ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی ئاشکراکرد، لەهەریەکە لە وڵاتانی تورکیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا.
مۆساد ئەوەی ئاشکراکردووە، کە ئەو کەسانەی سوپای پاسداران هەوڵ و پلانی تیرۆرکردنی داناون بریتیبوون، فەرمانبەرێک لە کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە شاری ئیستانبولی تورکیا، گەورە ژەنەراڵێکی ئەمریکی لە ئەڵمانیا، ڕۆژنامەنووسێک لە فەرەنسا بوون.
ئەو ڕاپۆرتەی مۆساد لەلایەن پێگەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران “ئێران ئینتەرناشیۆناڵ”ـەوە بڵاوکراوەتەوە و جەختدەکاتەوە هەوڵی کوشتنی فەرمانبەرەکەی کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە تورکیا لەلایەن ئەندامێکی یەکەی “840”ی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە هەوڵی بۆدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو ئەندامەی فەیلەقی قودس لە یەکەی چالاکییە نهێنییەکان “کار بۆ زەمینەسازی و پلاندانان بۆ کردەوەی تیرۆریستی لەدەرەوەی ئێران دەکات” کاریکردووە، کارەکانی ئەو یەکەیە دژی ئامانجە ڕۆژئاواییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە.
ئەو ئەندامەی فەیلەقی قودس ڕەوانەکراوە بۆ تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەو کردە تیرۆریستییانە بەڵام ئێستا لە ئەوروپا دەستگیرکراوە و دانیناوە بەوەی بڕی 150 هەزار دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوانە، دوای ئەنجامدانیشی بڕی پارەکەی بۆ یەک ملیۆن دۆلار زیاددەکرا.
ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات بەئامانجکردنی کەسایەتییە ئیسرائیلییەکان لەلایەن ئێرانەوە نوێ نییە بەتایبەت ئەو کەسایەتییە ئیسرائیلییانەی لە تورکیان، ئێستا تورکیا هەشت ئەندامی شانەی تیرۆرکردنی ئێرانییان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لەهەوڵی ئەنجامدانی ئەو کردەوانە.
ئێران لەدوای کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد و کوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمیی ئێرانی چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.