بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ نوێنەری كارمەندانی خۆبەخشی ناوەندەكانی تەندروستی لە سلێمانی كۆبووەوە، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە بەرامبەر پشتگوێخستن، جیاكاری و دانەمەزراندنیان لەلایەن حكومەتەوە بایكۆتیان ڕاگەیاندووە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی كارمەندە خۆبەخشەكان داواكارییەكانیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند، حكومەت كارمەندانی خۆبەخشی ناوەندەكانی تەندروستی لە سلێمانی پشتگوێخستووە و جیاكاری دەكات لەنێوان شارەكاندا. مافی كارمەندانی ئەم سنوورە دەخورێت و لە بەرامبەریشدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەپشتگیریی لایەنێكی سیاسی و لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییەكان و بە فەرمانێكی نهێنیی دەیان خۆبەخش لە پارێزگای دهۆك دامەزراون.
لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لە شێوازی كاركردنی حكومەت دەربڕی و ڕایگەیاند، جێگەی سەرسووڕمانە حكومەت بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی دەكات. تەنها بە سزادانی مووچەخۆرانەوە ناوەستێت و دەست بۆ كەرتی تەندروستی دەبات كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە. خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان و دابیننەكردنی پێداویستییە پزیشكییەكانیش بۆ سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین هەر لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سەپێنراوەدایە كە بەسەر ئەم ناوچەیەدا هێنراون. بەڵام دڵنیاتان دەكەم ئەم دۆخە هەروا تێپەڕنابێت و مایەی قبوڵكردن نییە هەموو ڕێگایەك لەپێناو ژیانی خەڵكەكەمان دەگرینەبەر و هەرشتێك بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییانمان بێت دەیكەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیریی خۆی بۆ كارمەندانی خۆبەخش و داواكارییە ڕەواكانیان دووپاتكردەوە و وتی، “بە هەموو شێوەیەك لەگەڵتانم و پشتگیریتان دەكەم. پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی شایستەی ڕێز و خزمەتكردنن نەوەك سزادان. بەڵێنتان پێدەدەم كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنین و سازش لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك ناكەین.