پەرلەمانتارێكی كەركوك و دوو برای بە 849 ملیۆن دینار قەرەبووكرانەوە، سیاسییەكیش بە گەندەڵی ناویدەبات.
محەمەد تەمیم نوێنەری پارێزگای كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پشكی سوننە، لەگەڵ دوو برایدا بە هۆكاری زەرەرمەندبوونیان لە داعش، بە 849 ملیۆن دینار قەرەبووكرانەوە.
بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەی بڕیاری قەرەبووكردنەوەكە، كاردانەوەی چالاكوانان و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە، سیاسییەكیش بە گەندەڵی ناوزەدی دەكات.
نەجات حسێن ئەمینداری گشتیی ڕەوتی حیكمە لە كەركوك، ڕەخنە لە بڕیارەكەی حكومەت بۆ قەرەبووكردنەوەی پەرلەمانتارەكە و دوو براكەی دەگرێت و دەڵێت، هەزاران هاوڵاتی زیانیان بەركەوتووە و قەرەبووناكرێنەوە، كەچی حكومەت پەرلەمانتارێك قەرەبوودەكاتەوە.
ئەمینداری گشتیی ڕەوتی حیكمە لە كەركوك ڕایگەیاندووە، لە ساڵانی 2003 و 2004ـەوە هەزاران هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوە و كردەوە تیرۆریستییەكانەوە زیانیان بەركەوتووە، زۆرێكیان قەرەبوونەكراونەتەوە، كەچی حكومەت خێرا پەرلەمانتارێك قەرەبوودەكاتەوە.