سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: حكومەت داهاتی سلێمانی بەكاردەهێنێت بۆ دانەوەی قەرزە كۆنەكانی

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، حكومەت داهاتی سلێمانی بەكاردەهێنێت بۆ دانەوەی قەرزە كۆنەكانی، لە كاتێكدا بڕیاربوو بۆ دابینكردنی مووچە تەرخانبكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا و لەبارەی ئەو جیاكارییەی لەڕووی دارایی و دابینكردنی مووچەوە حكومەت لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا دەیكات، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “لە مانگی تەمووزی 2021ـەوە ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ڕێژەیەك لە داهاتی ناوخۆ تەرخانبكرێت بۆ مووچە چونكە ئەو كات نرخی نەوت كەمبوو نەدەتوانرا بە داهاتی نەوت مووچە دابینبكرێت. بەڵام ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پارەی فرۆشتنی نەوت بەشی دابینكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی ئابوری بڕیاربدەن لە داهاتی نەوت مووچە دابینبكرێت”.

وتیشی، “نادادپەروەری هەیە و جیاوازی لە نێوان شار و شارۆچكەكاندا دەكرێت و شارێك سزادەدرێت، ئێمە هەوڵمانداوە ئەو جیاكارییە نەمێنێت، بەڵام بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر دەكرێتەوە.

بەپێی وتەی زیاد جەبار، بڕیاربووە زۆرینەی داهاتی سلێمانی بۆ پارەداركردنی مووچە و خزمەتگوزاری تەرخانبكرێت، بەڵام “حكومەت ئەو پارەیە بۆ دانەوەی قەرزە كۆنەكانی بەكاردەهێنێت و چەكی پارەی نەختینە دەنێرێت بۆ بانقەكانی سلێمانی نەك پارەی كاش”.

بابەتی پێشتر

بەغداد بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نارد و دوای جەژن دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

پێویستە ئەنچیلۆتی پشوو بە دوو یاریزان بدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share