دوایین بڕیار و تێڕوانینی دادگای فیدراڵی لەبارەی بە بانكیكردن و سێ مووچەكەوە

دادگای باڵای فیدراڵی

پەرلەمانتارێكی كورد دوایین بڕیار و تێڕوانینی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سێ مووچە نەدراوەكەی ساڵی رابردوو و پرسی بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرادەكات.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی رایگەیاند، سەردانی دادگای باڵای فیدراڵییان كردووە و بەناوی خەڵكی كوردستانەوە سوپاسی دادوەر جاسم محەمەد، سەرۆكی دادگاكەیان كردووە لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی دەستووری و یاسایی.

وتیشی، بڕیارەكەی دادگا كە بووە هۆی ئەوە چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا سێ مووچەی مووچەخۆران خەرج بكرێت، دڵی سەرجەم خێزانەكانی خۆشكرد و جوڵەیشی خستە بازاڕەوە.

موسەننا ئەمین باسی لەوەشكرد، هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەیان دۆسیەی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و هاوتاكردنیەتی بە هاوتاكانیان و لەو بارەیەوە بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی دادگا بكەنەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئایا پێویستە داوایەكی یاسایی پێشكەش بكەن، یان دادگا روونكردنەوە دەدات بۆ چارەسەكردنی ئەو گرفتەش.

دەربارەی سێ مووچە نەدراوەكەی ساڵی رابردووش ئەو پەرلەمانتارە لە زاری سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵییەوە رایگەیاند كە ئەو پرسە “لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی دادگادا نییە”.

سەبارەت بە بانكیكردن (توطین)ی مووچەش، موسەننا ئەمین لە زاری سەرۆكی دادگاوە وتی، بڕیارەكەیان روونە كە پێویستە بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم “لەڕێی بانكەكانی سەر بە حكومەتی ناوەندەوە بێت”، دوای ئەوە خەرجكردنەكە لەڕێی چ دەروازەیەكەوە دەبێت، ئەویان ئاساییە.

بابەتی پێشتر

سەرکەوت ئەحمەد: هاوڵاتییەک لە بەردەم کافتریایەک لە سلێمانی گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share