بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە گیرفانی خۆی مووچەی فەرمانبەرەكانی دابەشدەكات
ڕەزا سەنگاوی، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەرچەندە دەبوو پێش چوار ڕۆژ فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا مووچە وەربگرن، بەڵام هەموو ڕۆژێك دەچوون بۆ بانك و بەبیانووی نەبوونی پارەوە بەدەستی بەتاڵ دەگەڕانەوە و بۆ جەژنی ڕەمەزانیش پشتیان بە بڕیارەكەی حكومەت بەستبوو، پێیان وابوو بەر لە جەژن مووچە وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە تائێستا حكومەت مووچەی مانگی سێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێكی دیكەی دابەشنەكرد.
بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستا نەوزاد لەگیرفانی خۆمان و قوتی ماڵ و منداڵمان هەستاین بەپێدانی مووچەی مانگی سێی سەرجەم كارمەندانی گرێبەست و كارگوزارەكانی بەشە ناوخۆیی زانكۆمان، چونكە ئەم توێژە لە فەرمانبەر بەڕاستی زۆر ماندوون و پێ دەچوو بۆ ڕۆژانی جەژن، نەتوانن لەگەڵ ماڵ و منداڵەكانیان وەك پێویست جەژن بكەن.
ئاشكرایكرد، “پێدەچێت حكومەت نەتوانێت مووچە دابەشبكات ویستمان هەر هیچ نەبێت ئەم توێژە جەژنەكەیان بكەن و بێبەشنەبن”.