وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داهاتی مانگی ڕابردوو گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بڕی هەناردەی نەوتی خاوی مانگی ئازاری ڕابردوو بەپێی ئامارە كۆتاییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گەیشتووەتە 100 ملیۆن و 579 هەزار و 612 بەرمیل، بە داهاتی 10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار دۆلار.
كۆی هەناردەی نەوتی مانگی ڕابردوو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوور 99 ملیۆن و 130 هەزار و 677 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەش لە نەوتی كەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهان یەك ملیۆن و 448 هەزار و 935 بەرمیل بووە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.
ڕوونیشیكردوەتەوە، ڕێژەی نرخی هەر بەرمیلێك گەیشتووەتە 108.503 دۆلار (108 دۆلار و 503 سەنت).
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆی نەوتی هەناردەكراو لەلایەن 34 كۆمپانیای ڕەگەز جیاوازەوە لە بەندەرەكانی باشوور، كەنداو و بەندەری جەیهانی توركییەوە گوازراونەتەوە.