گوھدار زێباری لە زمانی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە: ھەست بە شەرم دەكەم

گوھدار زێباری ڕۆژنامەنووسی زیندانیكراو لە هەولێر، بە پەیامێك لە زیندانەوە وەڵامی ئەو ڕاگەیەندراوانە دەداتەوە كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم لە ساڵیادی ڕۆژنامەوانیی كوردیدا بڵاویانكردوونەتەوە و دەڵێت، “ئەوانەی کۆت و بەندیان دروستکردووە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، ئەوانەن کە نایانەوێت حەقیقەتی ڕووداوەکان بگاتە دەست خەڵک”.

ڕۆژنامەنووس گوھدار زێباری لە زیندانی ھەولێرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و لە زمانی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە نووسیویەتی، “ھەست بە شەرم دەکەم کە دەنووسم لە قاھیرەوە بە ئازادی لەدایكبووم، لە ھەرێم زیندانکرام”.

لە درێژەی پەیامەكەیدا كە بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە بڵاویكردووەتەوە، گوهدار دەڵێت، “ئەوانەی کۆت و بەندیان دروستکردووە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، ھەموو ئەوانەن کە لە حەقیقەتی خۆیان بەدەرن و نایانەوێت حەقیقەتی ڕووداوەکان بگاتە دەست خەڵک، بۆیە ڕۆژنامەنووسان زینداندەکەن و زانیارییان پێنادەن و ڕێگرییان لێدەکەن “.

“ئومێدەوارم دەستھەڵاتدارانی ھەرێم ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەھەند و گرنگ وەربگرن لە جیاتی شەرعییەتدان بە پێشێلکارییەکانی خۆیان، دان بەو ڕاپۆرتانەدا بنێن و دەست لە تۆقاندن و ترساندنی خەڵك لەسەر ئازادیی بیروڕا و چاوسوورکردنەوە و زیندانکردنی ڕۆژنامەنووسان ھەڵبگرن”، وەك ڕۆژنامەنووسەكە زیندانیكراوەكە لە كۆتایی پەیامەكەیدا نووسیویەتی.

دەقی پەیامەكە:-

ڕۆژنامەوانیی کوردی لە قاھیرەوە بۆ زیندانی ھەولێر

ھەست بە شەرم دەکەم کە دەنوسم لە قاھیرەوە بە ئازادی لەدایكبووم لە ھەرێم زیندان کرام بەھۆی تێنەگەیشتن لێی…

گوتم دەی 124 ساڵ تێپەڕی ئەوەی ڕویدا لە ڕابردوو مایەوە بەڵام نەخێر !!

ئەمڕۆ زۆربەی بەیاننامە و قسەکانی دەستھەڵات دارەکانی ھەرێم لەجێی خۆی نەبوون، بەداخەوە ھێشتا لە رۆژنامەڤانی تێنەگەیشتینە و کاری دەستھەڵات داران ئەوە نییە بێن ئاموژگاری رۆژنامەڤانان بکەن و رێنمایی و فلتەریان بۆ دابنێن، چونکە رۆژنامەڤانی زۆر لە دونیا بینینی ئەوان گەورەترە و کۆمەلێك ئەتەکێت و رێسا و پرەنسیپی نێودەوڵەتی ھەیە بەداخەوە تائێستا ناتوانن ھەزمی ئەوە بکەن کە رۆژنامەڤانی نەوت و غاز نییە دەست بەسەر دابگرن و بەپێی میزاجی خۆیان رەفتاری لەگەڵ بکەن.

ئازادی رۆژنامەڤانی و ئازادی رادەربڕین بە بەیاننامە ناھێتە دی، ناکرێ قاچێك لەسەر رۆژنامە دابنێیت و خەریکی خوێندنەوەی بەیاننامە بیت.

ئەوانەی کۆت و بەندیان دروستکردووە بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی ھەموو ئەوانەن کە لە حەقیقەتی خۆیان بەدەربەن و نایانەوێت حەقیقەتی روداوەکان بگاتە دەست خەڵک، بۆیە رۆژنامەنوسان زیندان دەکەن و زانیارییان پێنادەن و رێگریان لێ دەکەن .

لە بەیاننامەکانی ئەوان ئەوەم خوێندەوە کە ئەوان ھەوڵی قەتیس کردن و مەرکەزیەت کردنی رۆژنامە دەدەن کە ئەوە خۆی لە خۆیدا پێشێلکاریەکی دیکەی ئازادی رۆژنامەوانیە.

ئومێدەوارم دەستھەڵاتدارانی ھەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان بەھەند و گرنگ وەربگرن لە جیاتی شەرعیەتان بە پێشێلکاریەکانی خۆیان دان بەو راپۆرتانەدا بنێن وە دەست لە تۆقاندن و ترساندنی خەڵك لەسەر ئازادی بیروڕا و چاوسورکردنەوەی زیندان کردنی رۆژنامەنوسان ھەڵبگرن.

رۆژنامەنوس گوھدار زێباری لە زیندانی ھەولێر

22ی 4ی 2022

بابەتی پێشتر

دیمەنی سەر دەرهێنانی شێرێك لە جامی ئۆتۆمبێلەوە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەتەنێت

بابەتی دواتر

یەکەم جاری نییە هەرا بنێتەوە.. بایدن جارێکی تر "تەوقە لەگەڵ هەوا" دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share