قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی: ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌م گه‌شه‌

به‌ڕێوه‌چوونی پانێڵێك له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سێلمانی – فۆتۆ: سه‌رتیپ عوسمان

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20ی تشرینی دووه‌م، هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی چالاكییه‌كانی ڕۆژی دووه‌می ده‌ستپێكرد، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پانێڵی یه‌كه‌مدا به‌شدار ده‌بێت و قسه‌ له‌سه‌ر كارسازی و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات له‌و بواره‌دا.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی ڕایگەیاند، “كوردستان پڕه‌ له‌ توانا و بیرۆكه‌ی باش و خه‌ڵكی به‌توانا، دڵخۆشم كه‌ ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌م گه‌شه‌”.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌شی ئاشکراکرد، “به‌داخه‌وه‌ بۆمان ڕونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕێكاره‌كانی تۆماركردنی كۆمپانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆتینی زۆر تیایه‌ و 26 ڕۆژی پێویسته‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ناگونجێت و ده‌بێت پیایدا بچینه‌وه‌”.

“من خۆم سه‌رپه‌رشتیی پرۆسه‌یه‌ك ده‌كه‌م بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و ته‌واوی ئه‌و خزمه‌تانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌”، قوباد تاڵه‌بانی وای وت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وتیشی “حکومەتی هەرێم ئێستا 407 خزمەتگوزاری تاکی دەداتە هاوڵاتییان واتە ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ڕاستەوخۆ لە حکومەتەوە بۆ تاکە کەسە، بەڵام لەمەشدا کۆمەڵێک ڕۆتین هەن دەستنیشانی کەموکرتییەکانمان کردووە و کار لەسەر باشترکردنی دەکەین”.

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، “لە قۆناغی یەکەمدا دەستنیشانی کەموکورتییەکانی خزمەتگوزارییەکانمان کردووە دواتر کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئەو شێوازە کۆنە بۆ پێدانی خزمەتگوزاری لابەرین، چونکە هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان هێندە ڕۆتینیان تێدایە کە خەڵکی سارد دەکاتەوە لە کارەکەی”.

لەبارەی سیستمی فێرکردنی زانکۆکانەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “بەداخەوە تا ئێستاش زانکۆکانمان تەنها فەرمانبەر پێدەگەیەنێت نەک کەسێک بتوانێت جگە لە فەرمانبەری بە کارێکی دیکە خۆی بژێنێت، لەبەر ئەوە دەبێت سیستمی زانکۆکانیش بۆ پێگەیاندنی خوێندکار گۆڕانکاری تێدا بکرێت”.

لەسەر باڵانسی جێندەری لەکارکردندا لە هەرێم جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، کە ڕێگریی کەلتوریی هەیە کە ڕێگەنادات کچێک دوای تەواوکردنی زانکۆ دەست بۆ کارکردن ببات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە زۆر شوێن دەبینرێت کە ژنانیش لە تەنیشتی پیاوانەوە کار دەکەن و خاوەنی ڕوئیا و کاری خۆیانن.

هه‌روه‌ها دواتر نمایشی پرۆژه‌ براوه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می پرۆگرامی ده‌ستپێشخه‌ریی پرۆژه‌ی بچوك ده‌كرێت.

پاشان له‌ كارنامه‌ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی دوو پانێڵ به‌ڕێوه‌ده‌برێن تایبه‌ت به‌ “توندوتیژی خێزانی و كاریگه‌ریی ژنانی كارساز له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و بازرگانی به‌ ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان و نه‌شته‌رگه‌ریی ئاژه‌ڵان له‌ كوردستان”.

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد كه‌ له‌لایه‌ن ڤیم فاونده‌یشنه‌وه‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا ڕێکدەخرێت، كۆمه‌ڵێك چالاكی له‌خۆ ده‌گرێت و سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاریشه‌ ساڵانه‌ ئه‌م چالاكییه‌ له‌ سلێمانی به‌رده‌وام بێت.

بابەتی پێشتر

دوای بڕیاری کەمکردنەوەی هێزی ئەمریکی لە عێراق، فوئاد حسێن دەچێتە مۆسکۆ

بابەتی دواتر

ڕوداوی هاتوچۆ لە هەولێر.. حەوت کەس برینداربوون و منداڵێکی یەکساڵ گیانی لە دەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share