كچێكی دانیشتووی شاری هەولێر دوای لەماڵ دەرچوون و نەگەڕانەوەی، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە دۆزرایەوە و ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر سەردانیكردن و ڕایگەیاند، کچەکەی لە ماڵ هاتۆتەدەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و گومانی دەکرد بەرەو شاری سلێمانی هاتبێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کێشەی هاوڵاتییەکە.
پاش لێکۆڵینەوە و گەڕان و بەدواداچوونەکان لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیاری-یەوە توانرا کچەکە لەناو ماڵێکدا بدۆزرێتەوە و ڕادەستی باوکی بکرێتەوە، پۆلیسی سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژەشیداوە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەبارەی چۆنێتیی هاتنی ئەو کچە بۆ سلێمانی و چوونی بۆ ئەو ماڵە و مانەوەی لەو ماڵەدا بەردەوامە.