بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکیدا باسیان لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال کردووە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، “ئهمڕۆ له كۆبوونهوهم لهگهڵ نادین ماینزا له كۆمیسیۆنی ئهمریكی بۆ ئازادیی نێودهوڵهتیی ئایینی USCIRF باسمان له بارودۆخی پێكهاته نهتهوهیی و ئایینییه جیاوازهكانی ههرێمی كوردستان کرد”.
سەفین دزەیی نووسیوویەتی “لە بەشێکی تردا، هەرێمی كوردسـتان وهك نموونهی بهرزی پێكهوهژیانی ئاشتیانه و پاڵپشتیكردن له ئازادیی ئایینی و پاراستنی ئاسـایش و سـهقامگیری له ناوچهكه هێنرایهوه”.
وتەکانی دزەیی لە کاتێکدایە کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە حکومەتی هەرێم و بەغداد کۆبوونەوە دەکەن لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالەوە.
هەر ئەمڕۆ 19 ی تشرینی دووەم نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بەم نزیکانە خاڵەکانی ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان هەرێم و بەغداد ببینن و پشتگیری گەڕانەوەی دامەزراوەکان دەکەن.
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ 19ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، “خاڵی گرنگ لەم ڕێککەوتنە گەڕانەوەی دامەزراوەکانە بۆ شەنگال و ئەگەر دامەزراوەکان نەگەڕێنەوە ئەوا ناتوانرێت خەڵکی هانبدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان”.