لە كۆبوونەوەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستاندا بڕیاردرا نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی بكرێت بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر پێنج كچ كە گوایە لەلایەن پزیشكێكی جوانكارییەوە دەستدرێژییان كراوەتەسەر.
بەپێی راگەیەندراوێكی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە، كۆبوونەوەی لیژنەكە ئەنجامداوە و سەرەتا گفتوگۆكرا لەسەر نرخی خۆراك و كوالیتی ئەو خواردەمەنییانەی كە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن و بڕیاردرا لیژنەكە سەردانی وەزارەتی تەندروستی بكەن بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی وەزارەت سەبارەت بە ڕێكخستنی زیاتری كوالیتیی خۆراك.
لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر لێدوانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كراوەكە گوایە پزیشكێكی جوانكاری دەستدرێژیكردۆتە سەر ژمارەیەك كچ بۆیە بڕیاردرا نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی بكرێت و بەزووترین كات لیژنەی دەستنیشانكراو كە لەلایەن وەزارەتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسییە پێكهێنراوە بەدواداچوون بكەن و ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەبكەن دواتر بە نووسراوێكی فەرمی دەرئەنجامی بەدواداچوونەكە بۆ لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان ڕەوانە بكەن.