لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیا لە بەغداد بانگدەكات و نامەیەكی ناڕەزایی توندی پێدەدات. دەشڵێت، “بوونی پەكەكە لە باكووری عێراق بە ڕیككەوتن لەگەڵ توركیا بووە”.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “عەلی ڕەزا گوینای باڵیۆزی كۆماری توركیامان بانگكرد لە پای پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سوپای توركیا، لەوانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەكەی ئەمدواییە كە ناوچەكانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و باسیان لە باكووری عێراق”.
دەشڵێت، “یاداشتێكی ناڕەزایی توند درا بە باڵیۆزی توركیا و داواكرا توركیا هەموو هێزەكانی لە خاكی عێراق بكشێنێتەوە بە شێوەیەك ڕەنگدانەوەی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی بێت”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، “عێراق مافی یاسایی خۆیەتی ڕێكاری پێویست و گونجاو بگرێتەبەر بەرامبەر بە كاری دوژمنكارانە و تاكلایەنەی لەم جۆرە، كە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بەڕێوەدەبرێت”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاندووە، “بوونی زۆربەی ئەندامانی پەكەكە لە باكووری عێراق، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان توركیا و ئەو حزبە بووە، هاوكاتی ئەوەش عێراق ناڕازی بووە لە هەناردەكردنی ئاڵنگارییەكی ناوخۆی توركیا بۆ سەرخاكی عێراق”.