محەمەد شۆڵ هۆکاری شکستی ئەڵمانیا ئاشکرادەکات: پەیوەندی بە لۆوڤەوە نییە

محەمەد شۆڵ پێیوایە شکستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ئەستۆی خواکیم لۆوڤ نییە

ئەستێرەی دێرینی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، محەمەد شۆڵ دووپاتیدەکاتەوە، شکستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرانبەر ئیسپانیا پەیوەندی بە ڕاهێنەرەوە نەبووە.

شارەزای بواری تۆپی پێ و شرۆڤەکاری ڕۆژنامەی بێلدی ئەڵمانی، محەمەد شۆڵ لەبارەی شکستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێوەڵام بەرانبەر ئیسپانیا، دەڵێت، ” خواکیم لۆوڤ باجی ئەو هەڵەیە دەدات کە چەندین ساڵە ڕاهێنەران لە شێوازی ڕاهێنانیاندا بەرانبەر نەوەی نوێ دەیکەن، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بۆچوون و شیکارییەکانمەوە ڕەخنەم ئاڕاستەکرا، هەمیشە دەیڵێمەوە کە لە پەروەردەی لاوانی تۆپی پێ و پێگەیاندنی ئەقڵیەتی بردنەوە کێشە هەیە، کە ئەوەش بابەتێکی گرنگ و سەرەکی کاری ڕاهێنانە لەگەڵ ئەم نەوە نوێیە و ڕاهێنەران کاری لەسەرناکەن”.

ئەستێرە دێرینەکەی دای مانشافت لە ساڵی 2017 پێشبینی کردبوو تۆپی پێی ئەڵمانیا بکەوێتە دۆخێکی خراپەوە، لەبارەی ڕاهێنانی یاریزانانەوە ڕایگەیاندبوو: بەو شێوەیە بەرەودوا هەنگاو دەنێن.

شۆڵ دەڵێت، ” ئێستا دەبینین کەوتوینەتە چ بارودۆخێکەوە و لە چ ئاستێکداین، ئەوەی ڕوودەدات بۆ من سوپرایز نەبوو، خواکیم لۆوڤ هیچی پێناکرێت، ئەو هەرگیز ناتوانێت بەر لەو گۆڕانکارییانە بگرێت کە لە بوارەکەدا ڕوودەدەن، هێشتا نەوەی نوێ پەروەردەی سەرکەوتن و بردنەوەی تیادا نەچێنراوە”.

محەمەد شۆل، ئەستێرەی دێرینی ئەڵمانیا و شرۆڤەکاری بێلد سپۆرت

شرۆڤەکارە ناودارەکەی ئەڵمانیا لەبارەی ڕەخنەی میدیاکانەوە، دەڵێت، ” هومێڵز و بواتینگ و مولەر ناتوانن هیچ شتێک ڕزگاربکەن، لە ڕابردوودا یاریزانان پەرۆشبوون بۆ هەفتەی ڕوبەڕوبوونەوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە ئێستادا یاریزانانی نەوەی نوێ هیواخوازن بەخێرایی کۆتاییبێت”.

محەمەد شۆڵ لە ساڵی 1991 لە پێکهاتەی ئۆڵۆمپی ئەڵمانیاوە دەستی بە یاریکردن کردووە تاوەکو 2002 لە پێکهاتەی یەکەمی ئەڵمانیا وازهێنانی ڕاگەیاند، یەکێکە لە ئەفسانەکان و لە ڕیزەکانی کارڵسروهەر و بایرن میونشن ناوازەترین نمایشی تۆپی پێی کردووە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سوید لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی باشوری کوردستان ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

میدیای پەکەکە: نزیکەی هەزار گەنجی باشوری کوردستان لەناو ڕیزەکانی گەریلادا شەهیدبوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share