بەغداد پێداگرە
شێركۆ جەودەت: چەند كەسێكی هەرێم ڕێگردەبن لە ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت

ئەندامێكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، بەغداد سوورە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان “چەند كەسێك” ڕێگرن لە ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت و دووپاتیشیدەكاتەوە، پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە بۆ ئەوەی ئەم گەندەڵییانە بەردەوامبێت.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كانی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی ناوەند سوورە لەسەر ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێبكات، كە مامەڵە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە نادەستووری ناودەبات.

وتیشی، “بەڵام پێشبینی ناكەم هەرێمی كوردستان نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات، چونكە نەوتی هەرێم لە دەستی چەند كەسێكدایە، ئەو چەند كەسە بەرژەوەندییەكانیان هەر لە بۆری نەوتەكەوە كە بەشێكی هی بەرپرسێكی باڵای ئەم هەرێمی كوردستانەیە هەتاوەكو كێڵگە نەوتییەكان و مامەڵەكان و 772 كۆمپانیای لۆكاڵی كە سەر بە هەردوو حزبی دەسەڵاتداران، بەبێ هۆ پارەیەكی زۆر لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان زیاددەكەن، ئەمانە ڕێگردەبن لەوەی نەوت ڕادەستی بەغداد بكرێت”.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئەگەر زۆرە بەغداد گەر بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێكنەكەوێت، ڕێكاری دیكە بگرێتەبەر بۆ نمونە، لەڕێی وڵاتانی دراوسێی وەك توركیا و ئێران، گرتنەبەری ڕێگای دادگای نێودەوڵەتی و فشاركردن لە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو ڕێگرییانەی دیكە كە بە حكومەتی عێراقی دەكرێت.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو دۆخەش ئەندامەكەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان پێیوایە هەرێمی كوردستان ناتوانێت هیچ كارێك بەرامبەر هەنگاوەكانی بەغداد ئەنجامبدات و وتی، “بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان بە زووترین كات بە زمانی گفتوگۆ ئەوەی پێویستە وەك دەستووری عێراق جێبەجێی بكات”.

لەبارەی ئەوەی ئایا پێتوایە فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕابگیرێت شێركۆ جەودەت وتی، “ئێستا ناتوانم ئەو پێشبینییە بكەم، بەڵام دڵنیام كە هەموو فشارێك دەكرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان چیتر بەم شێوە شڵەژاوەی ئیدارەی كەرتی نەوت و غازی خۆی نەكات”.

دەربارەی هەڵوێست و ڕۆڵی پەرلەمانیش وتی، “پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە بۆ ئەوەی ئەم گەندەڵییانە بەردەوامبێت، حوكم لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا نییە تا پەرلەمان و یاسا سەروەر بێت، بەڵكو حوكم لە هەرێمی كوردستان بە زەبری هێزە”.

جەختیشیكردەوە، هەموو فشارێك دەكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕزگاربكەن لەم دۆخە شڵەژاوە كارەساتبارە بەسەر خەڵكەوە.

بابەتی پێشتر

عێراق وەڵامی تۆمەتێكی بەریتانیا دەداتەوە.. لەبارەی ناردنی چەكەوەیە بۆ ڕوسیا

بابەتی دواتر

بەغداد لەبارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاردەدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژێک پشوو راگەیەندرا

رۆژی دووشەممە 1ی نیسان لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. بەپێی خشتەی پشووەکانی حکومەتی هەرێم، رۆژی…
Total
0
Share