لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە 46 كەس كە لەنێویاندا بەرپرسانی ناوخۆیی پێشووی سەر بە هەدەپە هەن دەستگیركران بەتۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پەكەكەوە، وەك ئەوەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویكردووەتەوە.
ئاژانسەكە وتی، دەستگیركراوان لەنێو 91 گومانلێكراوی داواكراودان بەتۆمەتی “فەراهەمكردنی سەرچاوەی دارایی”، هەروەها بەشێك لە “هەیكەلی ئابوری”ی پارتی كرێكارانی كوردستانیان پێكهێناوە.
ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان كراوەتەوە بریتیە لە “سپیكردنەوەی پارە، وەرگرتنی ڕێنمایی لە موراد قەرەیلان سەركردە لە پارتی كرێكارانی كوردستان”.
ئاژانسەكە ڕوونیكردووەتەوە، لەنێو گومانلێكراواندا جێگرانی پێشووی سەرۆك شارەوانی، ئەمین سندوقی پێشووی پارتەكە، ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی شار، سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان هەن.
هەدەپە -دووەم گەورە پارتی بەرهەڵستكاری پەرلەمانی توركیا- تائێستا هیچ لێدوانێكی لەبارەی هەڵمەتی دەستگیركردنەكە نەداوە. لەكاتێكدا لە هەوڵە یاساییەكانی بۆ ڕێگری لە داخستنی لەلایەن دادگای دەستووریی توركیاوە بەردەوامە.
نوێنەرانی داواكاری گشتی، پارتی دیموكراتی گەلان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە و هەوڵدان بۆ “تێكدانی یەكێتیی وڵات” تۆمەتباردەكەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە و بێبەشكردنی لە پاڵپشتیكردنی دارایی حكومی دەكەن، جگەلە ڕێگریكردن لە نزیكەی 450 ئەندامی لە وەرگرتنی هەر پۆستێكی سیاسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
لە ماوەی ڕابردوودا دەیان پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانیی هەڵبژێردراوی هەدەپە دەستگیركراون كە لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشوو هەن، سەرەڕای هەزارانی دیكە لە ئەندامانی حزبەكە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر لە نێوەندی هەڵمەتێكی حكومی بۆ سەریان.
لەو چێوەیەشدا دەیان سەرۆك شارەوانی سەر بە هەدەپە كە لە ساڵی 2019دا هەڵبژێردراون، بە قەیوم كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشاندەكرێن جێگاكانیان پڕكراوەتەوە.