یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن سوود لە ئەرمینیا وەربگرن وەک شوێنگرەوەی ئۆکرانیا بەمەبەستی هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هەناردە و هاوردەکارانی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشە بازرگانییەکانیان بووە.
جەختیکردەوە، ئەرمینیا بەهۆی توانای باشی لە بەرهەمهێنانی کاڵا هەمەجۆراکان دەتوانرێت وەک شوێنگرەوەی ئۆکرانیا کە ئێستا شەڕی تێدایە سوود لە ئەرمینیا وەربگیرێت، بەمەبستی هاوردەکردنی کاڵا خۆراکییەکان و بیناسازی و کاڵای دیکە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا کونسوڵی ئەرمینیا جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا بازرگانیی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان 190 ملیۆن دۆلار بووە، 90%ی بازرگانیی ئەرمینیا و عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بووە.