پەرلەمانی پاكستان شەهباز شەریفی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ هەڵبژارد

پەرلەمانی پاكستان بە دەنگی 174 ئەندام، شەهباز شەریفی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ هەڵبژارد و جێگەی عیمران خانی گرتەوە، پەرلەمانتارانی پارتەكەی سەرۆك وەزیرانی لەكارلادراویش بە كۆمەڵ دەستیانلەكاركێشایەوە.

دوای دوو ڕۆژ لە سەندنەوەی متمانە لە عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستان و لادانی لە پۆستەكەی، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی گرتەدەست و كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

شەهباز شەریف سەركردایەتیی ئەو ڕەوتەی ئۆپۆزسیۆنی دەكرد كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی بۆ لابردنی عیمران خان لە پۆستی سەرۆك وەزیران بەرپاكرد و درەنگانی شەوی پێرێ شەممە هەڵمەتەكە بە سەندنەوەی متمانە لە ناوبراو سەریگرت.

ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی پاكستان كۆبووەوە و شەهباز شەریف بە دەنگی 174 ئەندام لە كۆی 342 ئەندام، متمانەی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆك وەزیرانی پاكستان.

بڕیارە شەهباز حكومەتی نوێ پێكبهێنێت و كابینەكەی تا مانگی ئابی ساڵی داهاتوو كە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتییە، لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

بوونی شەهباز شەریف بە سەرۆك وەزیران، لایەنگرانی عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستانی تووڕەكرد و پەرلەمانتارانی پارتەكەی ئەمڕۆ بە كۆمەڵ دەستیانلەكاركێشایەوە.

بابەتی پێشتر

گەنجێکی ئەمریکی بە 50 هەزار دۆلار خۆی كرد بە "شەیتان"‏

بابەتی دواتر

تەندروستیی گەرمیان: دابینکردنی دەرمان دەستپێدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share