عێراق هۆشداری لە مانەوەی کامپی هۆل دەدات

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق مەترسیی “هەڕەشەی تیرۆریستی” لە کامپی هۆلەوە دەخاتەڕوو کە خێزان و کەسە نزیکەکانی چەکدارانی داعشیان تێدایە، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاوڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە کە لە کامپەکەدان.

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکخراوی داعش تائێستاش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر کامپی هۆل.

قاسم ئەعرەجی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کاری جدی بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو کامپە و گواستنەوەی سەرجەم تیرۆریستان و دادگاییکردنیان لە ناوچەیەکی سەلامەت، جەختیکردەوە، “ئەم کێشەیە مەترسییەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و ئێمەش بەوە ڕازی نابین”.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هەر ڕۆژێک لە مانەوەی خێزان و کەسوکاری ئەندامانی داعش بەمانای ڕۆژێک لە ڕق و کینە و پاڵپشتیی تیرۆر دێت.

تائێستا لە کامپی هۆل جگە لە خێزان و کەسوکاری داعشە بیانییەکان، نزیکەی 10 هەزار داعشی عێراقی و سوری لە کامپی هۆل دەمێننەوە، لەکاتێکدا هەندێکیان تائێستاش پەیوەندییان بە داعشەوە ماوە.

لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی هەسەدە کە کۆنترۆڵی کەمپەکە دەکات، بەڵام وڵاتانی جیهان ڕەتیدەکەنەوە هاوڵاتییەکانیان لەو کامپە وەربگرنەوە، بەهۆی مەترسییان لە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لەناو وڵاتەکانیاندا.

بەپێی وتەی ئەعرەجی، “تائێستا ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە کامپەکەدا دەمێننەوە 12 هەزار کەسن”، کە بە مەترسیی جدی ناویان دەبات.

ئەعرەجی مەترسیی عێراقی لە هەر دزەکردنێکی تیرۆریستان خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی عێراق بەدرێژایی 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سوریا هەیە.

لەگەڵئەوەی عێراق لە ساڵی 2017ـەوە سەرکەوتنی بەسەر داعش و کۆتاییپێهێنانی ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند، بەڵام تائێستاش ناو بە ناو چەکدارانی داعش لە ناوچە جیا جیاکانی عێراق هێرش و جموجوڵەکانیان بەردەوامە.

بابەتی پێشتر

بارانبارین لە ئیكوادۆر 57 گیانلەدەستدان و دەیان برینداری لێكەوتووەتەوە

بابەتی دواتر

بەهۆی کۆرۆناوەیە.. ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی دەکات گەشتنەکەن بۆ چین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share