كۆمپانیای فایزەر كە ڤاكسینێكی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (بایۆنتێك)ی ئەڵمانی پەرەپێداوە دەڵێت، كاریگەرییەكەی بەڕێژەی 95% بۆ بەرگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەلمێنراوە، بەمەش ڤاكسینەكە دەبێتە خاوەن پێوەرەكانی سەلامەتیی پێویست بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی دەسەڵاتدارێتی پزیشكی بەمەبەستی بەكارهێنانی.
هەردوو كۆمپانیای (فایزەر) و (بایۆنتێك) پلانیاندانەوە بۆ پێشكەشكردنی ڤاكسینەكەیان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بەكارهێنانی لەناكاو لەماوەی چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا، بەر لە بەشداریپێكردنی لەگەڵ ئەودوای وڵاتانی جیهان.
وەك ئەوەی تۆڕی سكای نیوزی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، شیكردنەوەی كۆتایی كاریگەریی ڤاكسینەكە گەیشتووەتە 95% لەماوەی 28 ڕۆژی دۆز (جورعە)ی یەكەم، ئەمەش ئاستێكی باڵاترە لەوەی پێشتر لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەنرا بەتایبەتیش لە قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی سەر جێگەی تایبەت بە ڤاكسینەكە.
ڤاكسینەكە بە ڕێژەی 94% كاریگەرە لەسەر توێژی تەمەنەكانی زیاتر لە 65 ساڵ، هەروەك هیچ مەترسییەكی تایبەت بە سەلامەتی نەبووە، بەڵكو تەنها 2%ی كۆی 43 هەزار كەسی بەشداربوونی تاقیكردنەوەكان باسیان لە بوونی هەستكردن بە ئازاری سەر كردووە، لەكاتێكدا 3.7%یان وتویانە كە بەدەست لەش قورسییەوە ناڵاندوویانە.
دووشەممەی ڕابردوو 9ی تشرینی دووەم كۆمپانیای “فایزەر”ی ئەمریكی تایبەت بە دەرمان ئاشكرایكرد، ڤاكسینێكی دژە كۆرۆنایان بەرهەمهێناوە، كە بەڕێژەی 90% كاریگەر دەبێت.
ئەوكات سەبارەت بە شێوازەكانی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە، كۆمپانیای فایزەر ئاشكرایكرد، 42%ی ئەو كەسانەی ڤاكسینەكەیان لەسەر تاقیكراوەتەوە خەڵكانی ناوچە جیاجیاكانی جیهان بوون، 30%یشیان خۆبەخشە ئەمریكییەكان بوون، كە لە ڕەگەز و بنەچەی جیاواز بوون.
پاش ئەو هەواڵەی كۆمپانیای فایزەر، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی گەشبینیی خۆی بۆ ئەو ڤاكسینە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، “تاقیكردنەوەكانی ئەو ڤاكسینە تا ئێستا ئەرێنین”.
تەندروستیی جیهانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ڤاكسینەكەی فایزەر ڕەنگە لە بەهاری ساڵی 2021ەوە بارودۆخی پەتای كۆرۆنا بە تەواوی بگۆڕێت”.