وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دڵنیایە لەوەی ئەو “كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگ”ــەی لە بوچا-ی ئۆكرانیا باسدەكرێت و وێنەكان دەریانخست، ڕاستییە و ڕوویداوە، بەڵام ڕوسیا سوورە لەسەر ڕەتكردنەوەی و داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بڕوای وەزارەت و وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بەوەی “ڕوسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە، ئەوە شتێكی زۆر ڕوونە بۆ ئێمە و هەموو جیهان”.
وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ڕوسیا و سوپاكەی بە بەرپرسیاری ئەو “تاوانی جەنگ”ــە زانی، “جا سوپای ڕوسیا ئەو كارەی كردبێت، یان چیچانییەكان”، لەگەڵ ئەوەی كێربی بە قورسی زانی بزانرێت ڕوسەكان تاوانەكەیان كردووە، یان چیچانییەكان.
ئەمریكا لەگەڵ ئەوەیە ئەو کردەوانەی ڕوسیا بە بەڵگە بکرێن و کۆبکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت، ئامادەیی ئەمریكاشی بۆ هەر یارمەتییەك لەوبارەیەوە بۆ ئۆكرانییەكان دووپاتكردەوە.
دوای ئەوەی سوپای ڕوسیا لە شارۆچكەی بوچا-ی نزیك كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا كشایەوە، دەركەوت ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانی سڤیل كوژراون، تەنانەت وێنەی مانگە دەستكردەكان گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لەناو باخچەی كڵێسایەكی شارەكە ئاشكراكرد.
بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمەکان کاردانەوەی گەورەی وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوای بەدوای خۆیدا هێنا، داوای سزادانی زیاتری ڕوسیا كرا، بەڵام مۆسكۆ هەموو ئەو تۆمەتباركردنانە بەدرۆدەخاتەوە و دەڵێت، هەوڵە بۆ تێوەگلان و ناشرینكردنی ڕوسیا.
ڤاسیلی نیبینزیا، باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پرسەكەوە قسەیكرد، تۆمەتەكانی ئۆكرانیای بە “هەڵبەستراو” وەسفكرد و وتی، “بۆ ناوزڕاندنە”.
بەوتەی باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش، لەكاتی كشانەوەی سوپای ڕوسیا لە بوچا، ئەو تەرمانە بوونیان نەبووە، “بەڵام لەناكاو لە شەقامەكاندا دەركەوتن، تەنانەت ژمارەیەكیان دەجوڵێن”.
بۆیە نیبینزیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد تا دەرفەت بە ڕوسیا بدرێت وەڵامی تۆمەتباركردنەكانی ئۆكرانیا بداتەوە.