پارێزگاری هەولێر کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندرا، كە ماوەیەكە بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیربوو.

پاش چەند ڕۆژێكی كەم لە توشبوونی بە كۆرۆنا بەهۆی نالەباری تەندروستییەوە لە 3ی تشرینی دووەم فرسەت سۆفی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام پاش زیاتر لە دوو هەفتە لەدەرەوەی وڵات بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەم، كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیەندرا.

عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئەنقەرە دكتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، تا ئێستا دیار نییە كەی تەرمەكەی دەگەڕێندرێتەوە هەولێر”.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی ئاشكراكرد، بڕیارە مەراسیمێكی حكومیی “شایستە” ڕێكبخرێت بۆ پێشوازی و بەخاكسپاردنی تەرمی پارێزگاری هەولێر.

فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.

دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بووە، دواتر ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.

فرسەت سۆفی، ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی یاسایی بوو لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو، ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو.

پرسەنامەی پارێزگاری سلێمانی بەبۆنەی كۆچی دوایی فرسەت سۆفی-یەوە 

لە پرسەنامەیەكدا هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندووە، “بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسە و پەژارە و خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی برا و هاوڕێ و هاوکار و ئازیز و بەڕێزمان کاکە دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین، داواخوازین خودای گەورە ئارامی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و ڕۆحی بەڕێزیان شادبێت”.

سەرۆكی هەرێم: كارزانی و دەستپاكی ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت، “بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم”.

سەرۆكی هەرێم دەشڵێت، “وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری”.

قوباد تاڵەبانی: بەبێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا وتی، “فەرسەت سۆفی نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو. دەستی هەبوو لە هەموو ڕێککەوتن و هەنگاوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لەپێناو ئارامیی و تەبایی نێوان یەکێتی و پارتی”.

جێگری سەرۆكی حكومەت دەشڵێت، “ڕاستە کاک فەرسەت سەرکردایەتی پارتی بوو، پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام تەنها هی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، کاک فەرسەت، هی هەمووان بوو و لە دەست هەمووان رۆیشت”.

https://fb.watch/1QO0hzsSy8/

پرسەنامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی

لە پرسەنامەیەكدا مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، کۆچکردنی زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، ” کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو، هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیاریەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاری و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازی بوو، بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بەگشتی، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

“بەمبۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم، خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت”، سەرۆكی حكومەت وای وتووە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پرسەنامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دکتۆر فرسەت کەسێکی جیاوازو تایبەت بوو، هاوڕێیەکی بەئەمەک و جێگەی متمانەبوو، پەرۆشی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی بوو، هەرکات ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگەیشتە ئاستێک کە لەچارەسەر بێئومێد ئەبووین، ئەو ئازایانە کاری بۆ گرێدانەوەى ئەکرد، بۆیە شایەتی بۆ دەدەم لەماوەی پێنج ساڵی کارکردنمان پێکەوە هەرگیز و لەهیچ بارودۆخێکدا هۆکاری تێکدان و ترازان نەبوو”.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووە، “د.فرسەت وەک پارێزگار بەختی ئەوەی نەبوو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەر لەسەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەووڕۆژی خستە سەریەک لەپێناو خزمەتکردن و خۆشەویستی و پاراستنی هەولێرییەکان، دواجاریش هەر بەهۆی دڵسۆزی کارکردن و بەریەککەوتنی بەردەوامی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەقورسی دووچاری ئەم پەتا نەگریسە بوو، زۆر بەداخەوە کەمەرگ ڕێگەی پێنەدا پڕۆژە نیشتمانییەکانی بگەیەنێتە ئامانج”.

“کۆچی دوایی د.فرسەت سۆفی خەسارەتێکی ئێجگار گەورەیە، داخ و کەسەرێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری و هاوڵاتییانی شاری هەولێر دەکەین، داواکارین لەخوای گەورە سەبرو ئارامی بەخانەوادە و ئازیزانی ببەخشێ و خوالێخۆشبوو بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات”، وەك لە پرسەنامەكەی ڕێواز فایەقدا هاتووە.

بارزانی: كوڕێكی خۆم لەدەست دا

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت، “د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە”.

بارزانی دەشڵێت، “لەدەستدانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا”.

پەیامی وەزیرانی پلاندانان و پێشمەرگە

لە پەیامێكدا بە بۆنەی كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “زۆر بەداخەوە ئەمرۆ یاساناسێک و دڵسۆزێکی کوردستان و هەولێری پایتەخت جێی هێشتین” و ئاماژەشدەدات، “دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر تەنها خەمخۆری هەولێر نەبوو، بەڵکو نیشتمان پەروەرو خاکی و دادپەروەربوو. بەردەوام لەهەوڵی کاری بەیەکەوەی و ئاشتی و تەبای کوردستانیان بوو”.

هاوكات شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه لە پرسەنامەیەكدا دەڵێت، “به‌داخه‌وه‌ین كه‌ مرۆڤێكی ڕاست و پاكمان له‌ده‌ستدا، ژیانئاوا هه‌میشه‌ له‌خه‌می یه‌ككڕیزی و پێكه‌وه‌یی بوو. له‌خزمه‌تی شاری هه‌ولێریشدا سه‌رباری قه‌یرانی دارایی و ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی كه‌ ئه‌ركی بینی، ڕۆڵ و كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بوو”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسەنامەیەك بەبۆنەی كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر بڵاودەكات و ئاشكراشیدەكات، سبەی تەرمەكەی دەگەڕێندرێتەوە.

حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەتی دەكات.

لە پرسەنامەكەدا دەشڵێت، “د. فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمانپەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە”.

حكومەتی هەرێم ڕوونیشیكردوەتەوە، سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا سێ ڕۆژ ماتەمی گشتی بەبۆنەی كۆچی دوایی پارێزگاری شارەكەوە ڕابگەیەنرێت.

پرسەنامەی سەرۆككۆماری عێراق

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە پرسەنامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “بەداخه‌وه‌ هەواڵی کۆچی دوایی د.فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هەولێرم پێگەیشت، د.فرسەت پارێزگارێکی لێهاتوو و خه‌مخۆر بوو، له‌و ماوه‌ که‌مه‌ی ئه‌رکه‌که‌یدا جێده‌ستی دیار بوو، مه‌به‌ستی بوو خزمه‌تی زۆری شاری ھەولێر بکات، جگه ‌له‌وه‌ش یاساناسێکی لێوه‌شاوه‌ و په‌رله‌مانتارێکی سه‌رکه‌وتوو بوو”.

سەرۆككۆماری عێراق ئەوەشی وتووە، “به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ ڕێگه‌ی نه‌دا د.فرسه‌ت خزمه‌تی زیاتری ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدانی هه‌ولێر و کوردستان بکات، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه ‌و هاوخه‌می خۆم به‌ بنه‌ماڵه‌‌که‌ی و که‌سوکاری ڕاده‌گه‌یه‌نم و داواکارم له‌ یه‌زدانی مه‌زن به‌ به‌هه‌شتی خۆی شاد بکات”.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە عێراق دەکات جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت

بابەتی دواتر

ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر سوریا ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕیار رەشید: پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە دەکەوێتە دوای پشووی ئەنجومەنی نوێنەران

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە دەکەوێتە دوای پشووی ئەنجومەنی نوێنەران “. د.بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی…
Total
0
Share